دژە تیرۆری پارتی هۆكاری تەقینەوەكەی كەلاری ئاشكراكرد


دژەتیرۆری كوردستان (پارتی) رایدەگەیەنێت "فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی سوپای توركیا لە كەلار ئۆتۆمبێلێكی چەكدارانی پەكەكە دەكاتە ئامانج و چوار كەس دەكوژرێن".  

پەیجی فەرمی دژەتیرۆری كوردستان (پارتی) لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردۆتەوە "ئۆتۆمبێلێكی جۆری جیپ لە نزیك سایلۆی كەلار لە لایەن فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی سوپای توركیاوە كرایە ئامانج، لە ئەنجامدا چوار كەس كە سەرنشینی ئۆتۆمبێلەكە بوون كوژران و یەكێكی دیكەش لە سەرنشینەكان بریندار بووە و گەیەندراوەتە نەخۆشخانە."  

هەروەها دەڵێت، "بە گوێرەی زانیارییەكان، ئەو كەسانەی بەئامانج گیراون چەكدارانی پەكەكە بوون و لە لایەن فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی سوپای توركیاوە كراونەتە ئامانج."  

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێك لە شاری كەلار تەقییەوە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان رووداوەكە لای سایلۆكە بووە كە دەكەوێتە باكوری ئەو شارە، تائێستا تەرمی 3 كەس گەیەنراوەتە نەخۆشخانە و كەسێكیش بریندارە، هەروەها بریندارەكە خەڵكی شاری كۆبانێی رۆژئاوای كوردستانە.

تائێستا هێزە ئەمنییەكانی سنوری گەرمیان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە ناوچەكە لە ژێر دەسەڵاتی یەكێتییە هیچ روونكردنەوەیان لەبارەی هۆكاری تەقینەوەكە بڵاونەكردۆتەوە و میدیای پەكەكەش هیچ روونكردنەوەیەكی نەداوە.



AM:11:28:17/06/2022