دڵنیاییەك لە وەزیری تەندروستییەوە سەبارەت بە كۆلێرا


وەزیری تەندروستی هەرێم رایدەگەیەنێت "پێویست ناكات هاوڵاتیان خۆیان توشی دڵەڕاوكێ بكەن لە بڵاوبونەوەی پەتای كۆلێرا".


سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێم ئەمشەو لە كۆنگرەیەكی  رۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی رایگەیاند "ساڵانە لەم وەرزەدا حاڵەتەكانی سكچون بەرزدەبنەوە، بەڵام ئەمساڵ بەراورد بە رابردو ژمارەكە زۆترە، كە ئەمەش چەند هۆكارێكی هەیە، هەندێكیان سروشتییە وەك كێشەیەك لە سەرچاوەی ئاو یان خۆراك، وەك ستانداردی جیهانی ساڵانە پشكنینی بۆ 10%ی توشبوان دەكرێت بۆ جیاكردنەوەیان كە ئایا كۆلێرایە، بۆ ئەمساڵیش ژمارەیەك لەو كەسانەی توشی سكچون و رشانەوە بون، پشكنینیان بۆ كراوە و دەركەوتوە توش بەكتریای كۆلێرا بون، كە ئەمانە پێویستە بۆ ماوەیەك لە نەخۆشخانە بمێننەوە چارەسەر بكرێن".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد "ئەوەی گرنگە خۆپاراستنە لە توشبون بە نەخۆشییەكە و خۆپارێزییە لە هۆكارەكانی توشبون بەتایبەت ئاو كە هۆكاری سەرەكی توشبونە بە ڤایرۆسەكە، ئێمە وەك لایەنی تەندروستی هەمیشە پشكنینی ئاو ئەنجام دەدەین لە پاكی ئاوەكان دڵنیا دەبینەوە، ئەو شوێنانەی گومنیان لێدەكەین دایدەخەین، هەروەها سەوزەوات دوجار هۆكاری بڵاوبونەوەی نەخۆشییەكەیە بەتایبەت كە دەیبیستین لە هەندێك شوێن بە ئاوی پیس ئاودەدرێن، بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵ هەوڵی چارەسەری ئەوەشمان داوە".

وەزیری تەندروستی وتویەتی "ئێمە پلانێكی تۆكمەی نیشتمانی گشتگیرمان داڕشتوە، ئەمڕۆ بڕێكی زۆر پێداویستی تەندروستی وەك كانیۆلا و موغەزی و ئەنتی بایۆتیكمان گەیاندوەتە سلێمانی بۆ ئەوەی دوچاری كورتهێنان نەبن، چونكە نەخۆش هەیە لەماوەی ٢٤ كاتژمێردا ٢٠ بوتڵ موغەزی بۆ هەڵواسراوە".

 سامان بەرزنجی روونیكردەوە " پێویست ناكات هاوڵاتیان خۆیان توشی دڵەراوكێ بكەن، ئەگەر توشی سكچون بون بەزویی سەردانی نەخۆشخانەكان بكەن، گرنگی بە پاكوخاوێنی و شوشتنی دەستەكان و دڵنیاببنەوە لە ئاوی پاكی خواردنەوە".



PM:11:50:19/06/2022