بڕیارێكی حكومەتی هەرێم سەبارەت بە میدیاكان


ئەنجومەنی وەزیران رێكارەكانی ڕێگەگرتن لە تەشەنەكردنی كۆلێرا و دابەزاندن و كۆنترۆڵكردنی نرخی سووتەمەنی تاوتوێكرد و بڕیاریدا كارئاسانی زیاتریش بۆ راگەیاندن بكات.

بەپێی راگەیەنراوی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران، مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بە دیدارەكەی لەگەڵ دەزگاكانی ڕاگەیاندنی كوردستاندا و وەزارەت و بەرپرسانی حكومەتی ڕاسپارد، هاوكاری زیاتری دەزگاكانی ڕاگەیاندن بكەن و ئاسانكاری پێویستیان پێشكەش بكەن و زیاتر زانیاری و ڕونكردنەوە دەربارەی كار و چالاكییەكانی حكومەت بە دەزگاكانی ڕاگەیاندن و ڕایگشتی كوردستان بگەیەنن، ئەمەش بەشێكە لە كارنامەی حكومەت لەڕووی شەفافیەت و ئاگاداركردنەوەی ڕایگشتی.

هەروەها د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە، ڕاپۆرتێكی بەرفراوانی دەربارەی ڕێكارەكانی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتە پەیوەندیدارەكان بۆ ڕێگریكردن لە تەشەنەكردنی نەخۆشیەكانی سكچوونی توند و پەتای كۆلێرا وكۆنتڕۆڵكردنیان خستەڕوو كە تیایدا بە ئامار و شیكاری، هۆكارەكانی سەرهەڵدانی پەتاكە و ئامادەكاریی و ڕێكار و وەڵامدانەوەی وەزارەتەكەی خستەڕوو.



PM:08:00:22/06/2022