لێدوانێك لە پارتییەوە سەبارەت بە بەشداریكردنیان لە دانیشتنی سبەینێی پەرلەمانی عێراق

فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، هێشتا بڕیاریان نەداوە سبەی بەشداری دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەكەن یاخود نا، بەڵكو چاوەڕێی بڕیاری حیزب دەكەن.

د. ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە (رووداو)ی راگەیاندوە "دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی سەدری بووە بە ئەمری واقیع و فەرمانی دیوانی پەرلەمانیشیان بۆ دەرچووە، ئێستا شاندی دانوستانكاری پارتی لە بەغدایە و لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هاوپەیمانی سەروەری سوننەكان كۆبوونەتەوە."
 
ناوبراو وتویەتی "تاكو ئیستا بەرنامەی دانیشتنی سبەی پەرلەمانی عێراق روون نییە، هەرچەندە بەگوێرەی ماددەی 58ـی دەستوور دەبێت رێژەی دیاریكراو هەبێت بۆ ئەوەی دانیشتنی پەرلەمان گرێ بدرێت و ئەوەی هەیە تاوەكو ئیستا بە واژۆی 50 پەرلەمانتاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوای كۆبوونەوەی پەرلەمان كراوە بۆ پڕكردنەوەی شوێنی پەرلەمانتارانی سەدری".
 
د. ڤیان سەبری وتویەتی "زۆرینەی ئەندامەكانی فراكسیۆنەكەمان لە بەغدان و چاوەڕێن لە چەند كاژێری داهاتوودا بڕیاری كۆتایی بدەن، هەروەك بەلای پارتییەوە بنەمای بەشداریكردنیان لە پڕۆسەی سیاسی عێراقیدا سێ خاڵی سەرەكییە كە ئەوانیش هاوبەشی و هاوسەنگی و سازانە".




AM:12:22:23/06/2022