لە کاتێکدا تورکیا هەڕەشە دەکات
هەسەدە ژورێکی ئۆپراسیۆنی هاوبەشی لەگەڵ سوپای سوریا دامەزراند


خلوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەو هێرشەی بە نیازین بۆ باکوری رۆژهەڵاتی سوریا دەستیپێبکەین، نە وازیان لێ هێناوەو نە دواشی دەخەن، بەرامبەر ئەم هەڕەشانە، هێزەکانی سوریای دیموکرات و سوپای سوریا ژورێکی هاوبەشیان پێکهێناوە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشە.

هەرچەندە روسیا و ئەمەریکا بە راشکاوی بە تورکیایان راگەیاندووە کە نا یانەوێت دۆخی ئارامی باکوری سوریا بشێوێنرێت، بەڵام خەلوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا دوێنێ رایگەیاند" وەک سەرۆک ئۆردوغان رایگەیاندووە  کە بۆ ئەوان نەگونجاوە گوێ لەو قسانە بگرن و سوورن لەسەر بڕیاری ئەنجامدانی هێرشەکەیان".

بەرامبەر ئەو هەڕەشە جدیانەی تورکیا، فەرماندەیەکی هەسەدە بەناوی مەحمود حەبیب رۆژی دوو شەممە بە میدیاکانی نزیک هەسەدەی راگەیاندووە" ژوورێکی ئۆپراسیۆنی هاوبەشیان لەگەڵ سوپای سوریا پێکهێناوە بۆ رووبەرووبوونەوەی هەر هێرشێکی دوژمناکارانە کە تورکیا بیکاتە سەر ناوچەکانمان".

لەسەر زەویش سوپای سوریا هێزێکی زۆری زرێپۆش و دژە فڕۆکەی لە ناوچەکانی کوبانێ و تەلرەفعەت بڵاوکردۆتەوە.

ئەو فەرماندەیەی هەسەدەش ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە شەڕی ئەمجارە فراوان دەبێت و هەوڵدەدەین شوێنە داگیرکراوەکانیش ئازاد بکەینەوە.



PM:08:44:11/07/2022