"نرخی بەنزین دانابەزێت"


بەرپرسێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت "ئەو بەنزینەی دێتە هەرێم و بەسەر بەنزینخانەكان دابەش دەكرێت هیچ چاودێرییەكی لەسەر نرخ و كوالیتییەكەی نییە و پێموایە نرخی بەنزین دانابەزێت".

كەریم عەلی، سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە رادیۆی (دەنگی گۆڕان)ی راگەیاندووە "بەدواداچونمان كردوە و بەنوسراوی رەسمی داوامان لە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كردوە بۆ هەڵگرتنی باج لەسەر بەنزینی هاوردە، پێشنیاریشمان كردوە نەوتی خاو بدرێت بە پاڵاوگە ناوخۆییەكان، بەڵام هیچ كام لە پێشنیازەكان بەهەند وەرنەگیران و كاریان لەسەر نەكرا".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "سەرجەم ئەو پاڵاوگانەی كە بە فەرمی لە هەرێم كاردەكەن و گرێبەستیان لەگەڵ حكومەتی عێراقدایە، نەوتی خاو لە حكومەتی ناوەندی وەردەگرن و دواتریش بەرهەمەكەی دەنێرنەوە هەر بۆ حكومەتی عێراق، چونكە حكومەتی هەرێم نەوتی خاوییان بۆ دابین ناكات".

هەروەها دەڵێت "ئەو بەنزینەی دێتە هەرێم و بەسەر بەنزینخانەكان دابەش دەكرێت هیچ چاودێرییەكی لەسەر نرخ و كوالیتییەكەی نییە و پێموایە نرخی بەنزین دانابەزێت".



PM:09:22:16/07/2022