لە هەرێمی کوردستان نرخی بەنزین هەرزان دەبێت

ئەندامێکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر ڕایدەگەیەنێت" بازرگانانی هەرێم سەرقاڵی هاوردەکردنی بەنزینن لە ئێران و چاوەڕێدەکرێت لە دە رۆژی داهاتوودا نرخی بەنزین دابەزێت". 

شێروان عوسمان، ئەندامی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر بە ڕووداوی راگەیاند" ئێستا بازرگانانی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی هاوردەکردنی بەنزینن لە ئێران، بە دەیان تانکەر بەنزینی ئێرانی بە رێگاوەن و بڕیارە چەند رۆژی داهاتوو بگەنە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان، بەمەش نرخی بەنزین دادەبەزێت". 

ئاماژەی بەوەشکرد، چاوەڕێدەکرێت لە دە رۆژی داهاتوودا لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە (1,250 - 1,350 دینار بۆ 1,100 - 1,150 دینار دابەزێت) هەروەها لیترێک بەنزینی موحەسەن لە (1,450 - 1,500 دینارەوە بۆ 1,250 - 1,350) دینار دابەزێت، لیترێک بەنزینی سوپەریش لە (1,600 دینارەوە بۆ 1,400) دینار دابەزێت. 

ئەوەشی خستەڕوو، هۆکاری سەرەکی دابەزینی نرخی بەنزین لە دە رۆژی داهاتوودا بۆ هەڵگرتنی باج و رسومات لەسەر هاوردەکردنی بەنزین دەگەڕێتەوە کە مانگێک پێش ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارەکەی دەرکردووە.


PM:04:20:17/07/2022