لەسەر پرسی سەرۆک کۆمار
"تا ئێستا یەکێتی و پارتی سوورن لەسەر ڕای خۆیان"

‌وێنە.. ئەرشیف
هەرچەندە دوێنێ د. فوئاد حسێن وەک نوێنەری بارزانی و پارتی بە سەردانێکی ڕانەگەیەندراو گەیشتە سلێمانی و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی کۆبووەوە، بەڵام دوای کۆبوونەوەکە هیچ دوکەڵێکی سپی لە گردی دەباشانەوە بەرزنەبووەوە. 

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار بە ماڵپەڕی (سپی) ڕاگەیاند" سەردانەکەی دوێنێی فوئاد حسێن بۆ سلێمانی و کۆبوونەوەی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، هەرچەندە زۆر ڕاشکاوانە و جۆرە نەرمییەکی پێوە بووە، بەڵام هەردوولا سوور بوون لەسەر ڕای خۆیان". (یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سوور بووە لەسەر مانەوەی بەرهەم ساڵح وەک کاندیدی حیزبەکەیان، پارتیش سوور بووە لەسەر مانەوەی ڕێبەر ئەحمەد). 
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکەی (سپی)، هەرچەندە تا کۆتایی ئەم هەفتەیە کات ماوە بۆ یەکلای کردنەوەی پرسی سەرۆک کۆماری عێراق لە نێوان یەکێتی و پارتیدا، بەڵام تا ئێستا کاتێکی نوێ دانەنراوە بۆ سازدانی کۆبوونەوەی نێوان مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی. 

هەردوولا لە کۆبوونەوەی دوێنێدا دەرگای پەیوەندی و گفتوگۆیان بە ڕووی یەکدا بە کراوەی هێشتۆتەوە. 

لە دوای هەڵبژاردنی ١٠/١٠/٢٠٢١ و ڕاگەیاندنی دەرئەنجامەکان، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەرهەم ساڵحی کاندید کرد بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری داهاتووی عێراق، هەرچی پارتیشە دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی ڕێگای لە بەردەم هۆشیار زێباری-دا داخست لەسەر دۆسییەی "گەندەڵی"، دواتر ئەو حیزبە ڕێبەر ئەحمەدی کانددید کرد و تا ئێستا سوورە لەسەر مانەوەی. 


AM:11:31:19/07/2022