ژنێکی گەنجی خەڵکی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان له‌لایه‌ن هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه كوژرا، دوای روداوه‌كه‌ش هاوسه‌ره‌كه‌ی خۆی سوتاند و گیانی له‌ده‌ستدا.
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو بڵاویکردەوە" ژنێكی گه‌نجی خه‌ڵكی سنه به ناوی شه‌هێن گوه‌یلی كه دایكی منداڵێكی ١٤ ساڵه بووه، به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كانی له ئه‌نجامی سوتاندنی له‌لایه‌ن هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه له نه‌خۆشخانه‌ی كه‌وسه‌ری سنه گیانی له‌ده‌ستدا".
ئاماژه‌ی بهوهشكردوه، شه‌هێن گوه‌یلی ڕۆژی شه‌ممه ٣ی ئایاری ٢٠٢٤ له ماڵی دایك و باوكی له گه‌ڕه‌كی غه‌فوری سنه له‌لایه‌ن هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه به ناوی مێهران محه‌مه‌دی ئاگری تێبه‌ردراوه و بۆ نه‌خۆشخانه‌ی كه‌وسه‌ر گواستراوه‌ته‌وه.
به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له بنه‌ماڵه‌ی شه‌هێن گوه‌یلی" شه‌هێن ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا، به‌هۆی كێشه له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی ڕۆیشتبوهوه ماڵی دایك و باوكی و داوای جیابونه‌وه‌ی كردبوو، ڕۆژی ڕوداوهكهش مێهران داوای لێكردبوو بگه‌ڕێته‌وه بۆ ماڵه‌وه و دوای ئه‌وه‌ی شه‌هێن ئاماده نه‌بووه بگه‌ڕێته‌وه، مێهران نه‌وتی به‌سه‌ر خۆی و شههێندا و ئاگری له هه‌ردووكیان به‌رداوه".
رێكخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو باسی له‌وه‌شكردووه، مێهران محه‌مه‌دی هه‌ر رۆژی روداوه‌كه و له نه‌خۆشخانه‌ی كه‌وسه‌ر گیانی له‌ده‌ستداوه.