حكومەتی هەرێم دژی تۆپبارانی ئەمڕۆی توركیا داوایەكی بەپەلە دەكات


حكومەتی هەرێمی كوردستان داوا لە حكومەتی فیدراڵ و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات بە شێوەیەكی كاراتر، ھەوڵی رێگریكردن لە دووبارە بوونەوە و كۆتاییهێنان بە دەستدرێژییەكانی توركیا بۆ سەر خاكی هەرێم  بدەن.

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندوە "تۆپبارانكردنی ھاوینەھەواری پەرەخێ لە سنووری دەركار لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لەلایەن ھێزەكانی توركیاوە، بە توندی شەرمەزار دەكەین كە بە داخەوە بووە ھۆی شەھید و برینداربوونی ژمارەیەك ھاووڵاتیی گەشتیار". 

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "لە ماوەی رابردوودا هەرێمی كوردستان چەندین جار لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق، كراوەتە ئامانج و زیانی گیانی و ماددی بەر هاووڵاتییانمان كەوتووە، پێویستە حكومەتی فیدراڵ و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی، بە شێوەیەكی كاراتر، ھەوڵی رێگریكردن لە دووبارە بوونەوە و كۆتاییهێنان بەم دەستدرێژیانە بدەن".
 
هەروەها دەڵێت "پێكدادانی هێزەكانی توركیا و چەكدارانی پەكەكەش لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێم، بووەتە سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسی بەردەوام بۆ سەر هاووڵاتییانمان، بۆیە جارێكی دیكەش داوا دەكەین، ھەرێمی كوردستان، لە كێشە و ململانێ ناوچەییەكان دوور بخرێتەوە، بۆ ئەوەی چیتر ھاووڵاتییانی بێ تاوان، نەبنە قوربانی". 




PM:08:00:20/07/2022