هەپەگە: تۆپبارانەكەی زاخۆ پەیوەندی بە ئێمەوە نییە


ناوەندێكی (هەپەگە) رایدەگەیەنێت "هیچ هێزێكمان لەو ناوچەیەی زاخۆ كە كۆمەڵكوژییەكەی تیادا ئەنجامدراوە نییە و بۆردومانەكە هیچ پەیوەندی بە ئێمەوە نییە".

ناوەندی راگەیاندنی چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) راگەیەنراوێكی لەبارەی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر سنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بڵاوكردەوە و رایگەیاندووە "هیچ هێزێكمان لەو ناوچەیە نیە كە دەوڵەتی توركیا كۆمەڵكوژییەكەی تێدا ئەنجامداوە، ئامانجی توركیا ئەوەیە ژیانی هاوڵاتییان كۆتایی پێبێت و لە هەرێمەكە دەریان بكات".

هەپەگە ئاماژەی بەوەكردوە "داوا لەو كەسانە دەكەین كە باوەڕیان بە ڕاستی هەیە و بە ویژدانەوە ئەو كوشتارەی دەوڵەتی توركیا دەبینن لە دژی ئەم تاوانە مرۆڤایەتییە هەڵوێست وەربگرن".

لە بەشێكی دیكەی راگەیەنراوەكەی هەپەگە دەڵێت "هیچ هێزێكمان لەو ناوچەیەی كە رۆژی چوارشەممە كۆمەڵكوژییەكەی تێدا ئەنجامدرا نییە، بەڵكو لە ناوچەكانی نزیك ئەم هەرێمەش گردەكان لە لایەن دەوڵەتی توركیاوە داگیركراون و لە ناوچەكەدا باڵادەستن، هەروەها هێزە سنورییەكانی عێراق و هێزە جیاجیاكانی هەرێمیش هەن كە سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستانن لە ناوچەكەدا، بۆیە ئەم ڕوداوە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە".

پاشنیوەڕۆی دوێنێ ناوچەیەكی گەشتیاری لە سنوری قەزای زاخۆ تۆپباران كرا و بەهۆیەوە ژمارەیەك گەشتیار كوژران و برینداربوون، سەرجەم بەرپرسانی عێراق و كوردستان سوپای توركیا بەو رووداوە تۆمەتبار دەكەن، وەزارەتی دەرەوەی توركیاش ئەو تۆمەتباركردنەی رەتكردەوە.



PM:12:27:21/07/2022