بەڕێوەبەری دارستانی سلێمانی لە وەڵامی چەند پرسیارێکی هەستیاری ماڵپەڕی " سپی " دا


بەشێوەیەکی گشتی ماوەی چەند ساڵێکە قسە لەسەر کاری لە یاسا بەدەرو گەندەڵی لە چەند دامەزراوەیەکی وەزارەتی ناوخۆدا دەکرێت و لەسەر ئەو دۆسیانەش لیژنەی لێکۆڵینەوەی جیاجیا لە وەزارەتەوە پێکهێنراوە، لە نێو ئەو دامەزراوانەشدا کە باسیان دەکرێت، بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاوتوچۆ و لە نێویشیاندا هاتوچۆی سلێمانی، هەروەها بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان، ماڵپەڕی " سپی " لەبارەی بەڕێوەبەرایەتیی دارستانی سلێمانی یەوە چەند دۆکۆمێنتێکی دەستکەوتووە، بۆ بەداواچوون و دەرخستنی راستیەکان بە پێویستی زانی ئەم چاوپێکەوتنە لەگەڵ بەڕێوەبەری دارستانی سلێمانی، عەمید ئاری رەوف سابیر دا ساز بکات:

سپی میدیا: تا ئێستا بەرێوەبەری پۆلیسی دارستانی سلێمانی  چەند داوای لەسەرە لە دەستەی نەزاهەو دادگاو؟ ئەنجامی داواکان بە چی گەیشتووە؟؟
عەمید ئاری رەوف سابیر: سەبارەت بە بانگكردنم لە دادگای نەزاهە تەنها یەكجار بووە، هەندێك پرسیارم لێكراوە و بە بێ كەفالەت ئازادكراوم و تا ئەم كاتە بانگ نەكراومەتەوە. 

سپی میدیا: چەند لیژنەی لێکۆڵینەوە لەسەر پۆلیسی دارستانی سلێمانی هەیە؟
عەمید ئاری رەوف سابیر: سەبارەت بە لیژنەی لێكۆڵینەوە تەنها سێ لیژنە هەبووە، ئەوانیش گۆڕانكارییان تێدا كراوە و یەك كەسیش هەواڵدەر بووە، چ لە وەزارەتی ناوخۆ چ لە دادگای دەستپاكی و هەموو كێشەكانیش بێ بنەمان و دروستكراون و تا ئێستاش هیچ بەڵگەی سەلمێنراو نییە لەسەرمان و زۆربەی شاهیدی درۆ و قسەی بێ بنەما بوون. لەبەر ئیشكردن لەسەر دۆسییەكان یارمەتیدەری هەواڵدەر هەیە لە وەزارەتی ناوخۆ و بە زۆر پەڕاوەكانیان بە لیژنەكە هەواڵەی دادگای ناوخۆ كراوە و، لە ئێستاشدا دادگای ناوخۆ پەڕاوەكان دەگەڕێننەوە بۆ لیژنەی لێكۆڵینەوە كە لەبەر نەبوونی بەڵگەی تەواو و بوونی هەمان پەڕاو لە دادگای نەزاهە كە بەپێی یاسا نابێت لە دوو دادگا دادگایی لەسەر هەمان كێشە بكرێتەوە. 

سپی میدیا: لەو ماوەیەی رابردوودا فایلێکی دەنگی بەرێزت بڵاوکرایەوە، داوای پارە دەکەیت. کۆمێنتت لەو بارەیەوە چییە؟
عەمید ئاری رەوف سابیر: سەبارەت بەو دەنگە تۆماركراوە لەلایەك تۆمەتباری دەستگیركراو بەپێی ماددەكانی (٣١٥/٣١٦ لە ی.ٍس.ع، كە لەئێستادا بەند كراوە لە گرتن و گواستنەوە. ئەو تۆڕە سەوتیە بە وتەی خۆی لە جیهەتێكی ئەمنییەوە نێردراوە بۆ تۆماركردنی ئەو دەنگە، ئەمە خۆی لە خۆیدا ئیسپاتی دەكات كە ئەو دەنگە دەستكاری كراوە و پچڕپچڕە و هیچ سەوتێكی منی تێدا نییە، تەنها دەنگی تاوانبار دیارە و لەسەر ئەم دەنگەش مەجلیس پێكهاتوە و تا ئەم كاتە بڕیاری لەسەر نەدراوە. 

سپی میدیا: لە رۆژی هەینیدا پێش جەژنی قوربان پاسەوانێک ( شۆفێرەکەت ) بڕی ١٥ تەن شیشی فرۆشتووەو دوای دەستگیرکردنی دانی بەو کارەشدا ناوە؟ بۆ ئەو کارەی کردووە، بۆ لە رۆژی پشوودا دەیکات کە دەوام نییە؟
عەمید رەوف ئاری سابیر: ئێمە لە بینای بەڕێوەبەرایەتی كەموكوڕیمان هەیە لە ژووردا، هەستاوم بە دروستكردنی پێنج ژوور بە تەكلیف لە چەند كەسێكی برادەر بۆ هاوكاریكردنمان و، چەند كەسێكم كردووە بە لیژنە بۆ سەرپەرشتی ئەو كارانە، لەئێستادا ژوورەكان دیارن و كاریان تێدا دەكرێت و تەواو نەبوون، وە بڕی ئەو شیشەی كە ئاسایش دەستی بەسەردا گرتووە یەك تەن و چەند تاڵێك شیشە كە زیادبووە لە دروستكردنی بیناكە بە مەبەستی گۆڕینەوەی سێ دەرگا بۆ سێ ژووریان و، ئەو ژوورانەی كە دروستكراوە یەك دیناری وەزارەتی ناوخۆ و حكومەتی تێدا نییە، من لێرەوە سوپاسگوزاری ئەو دڵسۆزانەم كە هاوكارم بوون. 

سپی میدیا: گەر ئێوە لە رێگای خۆتانەوە بەدەر لە پارەی حکومەت، پێدواییستی بیناو ئۆفیسەکانی پۆلیست دابینکردبێت، باشە کە دێتە ناو دائیرە نابێت تۆمار بکرێت و ببێت بە موڵکی حکومەت، دوای رەزامەندی لە وەزارەتەوە پێشان بدرێت بۆ خەرجکردن و بەکارهێنانی؟ ئایا ئێوە ئەو رێوشوێنانەتان گرتۆتە بەر؟
عەمید ئاری رەوف سابیر: سەبارەت بەم پرسیارە زۆر راستە، بەڵام ئەو كەلوپەلانە بەكاردێن بۆ بیناسازییەكە و ژووریان پێ دروست دەكرێت، دواجار ژوورەكان دەبنە موڵكی بەڕێوەبەرایەتی ئەم شتانەی كە باسمكرد وەك (ئوتومبیل و ئامێری ئیستینساخ و موبەڕیدە و شتی وا نییە) ئەمانەی نووسیم یەكسەر لە هۆبەی ئامێرسازی داخڵ دەكرێت لەبەرئەوەی دەستكاری ناكرێت و ناكرێت بە شتێكی تر.

 
سپی میدیا: ژمارەیەکی زۆر بیر لێدەدرێت لە سنوری دەسەڵاتی ئێوەدا، چۆن رێگا دەدەن؟ دەڵێن لەسەرەوە لە بەرپرسێکی وەزارەتەوە، یان کەسێکی سەربەوان بە تەلەفونێک ئامادەن کارئاسانیان بۆ بکەن؟؟ ئەمە تاچەند راستە؟
عەمید ئاری رەوف سابیر: بۆ مەسەلەی بیرلێدان بە هەموو شێوەیەك ئەو قسەیە دوورە لەڕاستی و هیچ كەسێك نە لە وەزارەتەوە لە شوێنێكی باڵاوە ناتوانێت بە زۆر یان بە فەرمان، كاری وامان پێبكات، بۆ راستی و دروستی دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتی و بنكەكانما بكەن بزانن چەند جیهازی دەستبەسەردا گیراو لەبەردەستماندایە بە فەرمانی حاكم.




PM:07:20:29/07/2022