نەتەوە یەکگرتووەکان: دەبێت ڕێککەوتنی شنگال بە تەواوی جێبەجێ بکرێت

‌وێنە.. ئەرشیف
نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق لەبارەی یادی هەشت ساڵەی جینۆسایدكردنی ئێزیدییەكان پەیامێکی بڵاوكردەوە و دەڵێت" دەبێت ڕێککەوتنی شەنگال بە تەواوی جێبەجێ بکرێت، بەبێ دواکەوتنی زیاتر".

نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا کە وێنەیەکی دەست ماڵپەڕی (سپی) کەوتووە رایگەیاندووە" دوای هەشت ساڵ لە هێرشێکی دڕندانە لەلایەن ڕێکخراوی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)، کۆمەڵگه‌ی ئێزدی تا ئێستا ئەو ئاشتی و خۆشگوزەرانییەیان بەدەستنەهێناوە کە بەڕاستی شایەنیەتی". 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، هێشتا هەزاران ئێزدی نەگەڕاونەتەوە ناو خێزان و ئازیزانیان، تائێستاش شوێنیان نادیارە، زۆرێك لە بەرکەوتەکان لە دوای چەندین ساڵ لە دیلبون و ئەشکەنجەدان و توندوتیژی سێکسی و کۆیلایەتی و هەروەها مامەڵەی ئەو پەڕی نامرۆڤانە بەردەوام بەدەست ئازاری دەرونییەوە دەناڵێنن، ژمارەیەکی زۆری تریش هێشتا بەسەر ئازاری لەدەستدانی ئەندامێکی خێزانی خۆشەویستیان، یان تەواوی خێزانەکەیان، زاڵنەبونە. 

نەتەوە یەکگرتوەکان لە بەشێکی تری بڵاوکراوەکەدا باسی لەوەشکردووە، زۆرێك لە ئێزدییەکان لە شوێنی ڕەسەنی خۆیان ئاوارە بونە، بەهۆی بەردەوامی گرژییەکان، زێدی باوباپیرانیان لە شنگال هێشتا بێبەشە لەو سەقامگیرییە جەوهەرییەی، کە پێویستە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ژیانیان، دوور لە ترس و تۆقاندن. 

ئه‌وه‌شی خستەڕوو، دەبێت ئەوە ڕوون بێت کە ئەرکی هەمووانە کە بێوچان کار بکەن بۆ ئەوەی دەستبەجێ کۆتایی بە دۆخی نالەباری بەردەوامی ئێزدییەکان بێت، هەروەها هەموو هەوڵێك دەدرێت بۆ ئەوەی دەرفەت بۆ داهاتوویەکی باشتر بۆ خەڵکی شنگال بڕەخسێت، دەوڵەت چەترێکە بۆ هەمووان و دەبێت دەسەڵاتەکەی گەرەنتی بە هەموو هاوڵاتییەکی ئەم وڵاتە بدات، بەبێ گوێدانە لایەنگیری سیاسی و ئایینی و نەتەوەی، هیچ ئێزیدییەك، و هیچ عێراقییەکی تریش، نابێت ببێتە قۆچی قوربانی کێبڕکێی دەسەڵاتی ناوخۆی یان هەرێمی.

ئەوەش هاتووە" دەبێت ڕێککەوتنی شەنگال بە تەواوی جێبەجێ بکرێت، بەبێ دواکەوتنی زیاتر، حوکمڕانی جێگیر و پێکهاتەی ئاسایش زۆر گرنگە، ڕێگە بە ئاوارەکان دەدات دواجار بگەڕێنەوە ماڵەوە، هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە خێراتر بکرێت، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری گشتی باشتر بکرێت".

ڕوونیشیكردووەتەوە، بەردەوام دەبن لە پەرەپێدان بە ڕێکارەکانی لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش دژی ئێزدییەکان بۆ گەڕاندنەوەی دادپەروەری بۆ هەموو ئەوانەی بەدەست ئەم تاوانە قێزەونەوە دەناڵێن، ئازادی و دادپەروەری شانبەشانی ئاشتی و گەشەکردن دەڕوات.

ڕۆژی ٣ی ئابی ٢٠٢٢ قەزای شنگال و ناحیەی گرعزێر لە ڕۆژئاوای پارێزگای نەینەوا کە زۆربەی هەرە زۆری دانیشتوانەکەی ئێزیدی بوون، لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە داگیرکران و گەورەترین کۆمەڵکوژی لە دژی ئێزیدییەکانی ئەو ناوچانە ئەنجامدران.

بەپێی چەند ئامارێك چەکدارانی داعش چەندین تاوانیان بەرامبەر هاوڵاتیانی شەنگال ئەنجامداوە، بەپێی ئامارەكان زیاد لە (٤٣٠) هەزار هاوڵاتی سنوورەكە ئاوارە بوون و (١٤٠) هەزار كەس لە شاخی شەنگال بێ نان و ئاو بوون بۆ ماوەی نزیكەی دوو هەفتە، لەوانە نزیكەی (٢٣٠) هەزار كەس ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون و توركیا و سووریا بوون و نزیكەی ٦٠٠ كەس لە برسان و تینواندا گیانیان لەدەستدا.

چەکدارانی داعش لە هێرشەكەیاندا (١٨٠٠) كەسیان كوشتووە، كە (٤٠٠) كەسیان تەنها لە گوندی گوڵەجۆ بوون لە پرۆسەیەكی كۆمەڵكوژیدا.

هاوكات زیاد لە سێ هەزار كەس كە زۆرینەی ژن و كچ و منداڵ بوون رفێندران و (٥٠٠) كەسیش بێ سەروشوێن بوون، كە تا ئێستاش چارەنووسی نزیكەی (٢٥٠) كەس دیار نییە.


AM:11:26:03/08/2022