پێشمەرگەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بەشداری شەڕی دژی داعش دەكەن


پاش هێرشی بەربڵاوی چەكدارانی داعش بۆ سەر شەنگال‌و مەخمور‌و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، زۆربەی حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان ئامادەیی خۆیان بۆ رەوانەكردنی هێزی پێشمەرگە بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان راگەیاند‌و تا ئێستا ژمارەیەك پێشمەرگەش رەوانەی بەرەكانی شەڕ كراون.

بەپێی زانیارییەكانی سپی میدیا هەریەك لە پارتی ئازادی كوردستان‌و حیزبی دیموكراتی كوردستان كە ژمارەیەك پێشمەرگەی خۆیان رەوانەی بەرەكانی شەڕ دژی چەكدارانی داعش كردوە‌و لەئێستادا لە بەرەكانی مەخمور شانبەشانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانه شەڕ دەكەن.

هەر لەم پەیوەندەدا كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان ئەمرۆ هەینی لە راگەیەنراوێكدا داوای لە گەنجانی رۆژهەڵاتی كوردستان كرد بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی ریزی پیشمەرگەكانی كۆمەڵە بەشداری شەڕی داعش بكەن.

هەروەها داوای لەحیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بە جێگەی ئەوەی بە جیاجیا هێز رەوانەی شەڕ بكەن، هێزێكی هاوبەشی پێشمەرگە لە هەموو حیزبەكانی رۆژهەڵات پێكبێت‌و پێكەوە پارێزگاری لە هەرێمی كوردستان بكەن.



PM:04:32:08/08/2014