داوای وەرگرتنەوەی بڕوانامە لە بكوژی د.هۆشیار ئیسماعیل دەكرێت


كەسوكار و خانەوادەی د.هۆشیار ئیسماعیل داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن بڕوانامەی بەكالۆریۆس لە بكوژی د.هۆشیار وەربگرێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەشاری هەولێر كەسوكار و خانەوادەی د.هۆشیار ئیسماعیل گردبونەوە و ڕایانگەیاند "بەتوندی ئیدانەی بڕوانامە پێدان و خەڵاتكردنی بكوژانی مامۆستا هۆشیار دەكەین، جەختیش دەكەینەوە كە ئەگەر یاساكان بەو جۆرە پێشێل بكرێن ئەوە ڕێگە خۆشكردنە بۆ پشێوی كۆمەڵایەتی و هاندان دەبێت بۆ ئەوەی خانەوادەی كوژراو بیر لە تۆڵەكردنەوە بكەنەوە، بۆیە دەبێت بڕوانامە لە بكوژی دكتۆر هۆشیار وەربگیرێتەوە".

هەروەها وتیان "داوا لە وەزارەتی كار و وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانكۆی لوبنانی-فەڕەنسیش دەكەین قەرەبوی ئەم ناڕەحەتیەی ئێمە بكەنەوە بە لێسەندنەوەی بڕوانامە لە بكوژی شەهید د. هۆشیار ئیسماعیل ".

كەسوكاری د.هۆشیار دەڵێن "ئەگەر ئەو لایەنانە بەدەم داواكاریەكانمانەوە نەیەن بە مافی خۆمانی دەزانین سكاڵای یاساییان لەسەر تۆمار دەكەین، لەكۆتیشدا ئەگەر بارودۆخەكە بەم شێوازە بمێننەوە ئەوا گومانەكان لامان تۆختر دەبێتەوە كە بكوژانی مامۆستا هۆشیار دەستێكی گەورەیان لەپشتە و بۆ لەسێدارەدان نەبراونەتە زیندان بەڵكو بۆ قەڵەوكردن براون، پەیمانیشیان پێدراوە كە تۆڵەی زیندانی كردنیان بۆ بكەنەوە."

لەچەند رۆژی رابردودا وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی هەرێم بڕوانامەی بەكالۆریۆسی بەخشی بە زیندانییەك كە لە چاكسازیی درێژەی بە خوێندنی لە زانكۆیەكی تایبەت داوە، ئەو هەنگاوەش ناڕەزایی كەسوكار و خانەوادەی مامۆستا هۆشیار ئیسماعیلی لێكەوتەوە و باس لەوە دەكەن، بكوژی مامۆستا هۆشیار سزای لەسێدارەدانی هەیە و مافی خوێندن و پێدانی بڕوانامەی نایگرێتەوە.



AM:11:36:04/08/2022