لاهور جەنگی لەبارەی خۆپیشاندانەکان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

کەمێک پێش ئێستا لاهور شێخ جەنگی دەربارەی خۆپیشاندانەکانی دوێنێی بەشێک لە ناوچەکانی هەرێم پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" بەردەوامبوونی ئەم شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەیەی میللەت سەر دەکێشێت بۆ ڕاپەڕینی چەکداریی". 

لاهور شێخ جەنگی لە بڵاوکراوەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە" سەرەڕای باوەڕنەبوونم بە خۆپیشاندانی ناڕێکخراو کە ناتوانێت گۆڕانکاریی ڕاستەقینە بکات، بەڵام ئەو ڕەفتارەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە لایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە کرا بەرامبەر بە ئەندامانی پەرلەمان و ڕۆژنامەنووسان و خۆپیشاندەرانی سڤیل، بە هەموو شێوەیەک ڕەت دەکەینەوە و بە هەنگاوێکی زۆر مەترسیداری دەزانین".
دەشڵێت" ئەم رەفتارە پاشەکشێیەکی گەورەیە بۆ ئازادی ڕادەبڕین و داواکردنی مافی تاکە کەسی لە هەرێمی کوردستان". 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا لاهور جەنگی هۆشداری دەدات و دەڵێت" دەبێت دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەوە لەبەرچاو بگرن کە بەردەوامبوونی ئەم شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەیەی میللەت سەر دەکێشێت بۆ ڕاپەڕینی چەکداریی کە لەوانەیە هیچ کەسێک لە ئێمەومانان ئاواتەخواز نەبێت پێی". 


PM:04:08:07/08/2022