بڕیارێكی دڵخۆشكەر لە حكومەتی هەرێمەوە بۆ قەرزەكانی هاوڵاتیان


حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا رێژەی 15%ی داشكاندن بۆ سەرجەم ئەو قەرزانە بكات كە لەلایەن هاوڵاتیانەوە لە حكومەت وەرگیراون، ئەو بڕیارەش تاوەكو 20ی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە، وەكو هەوڵێك بۆ ئاسانكاری لە دانەوەی قەرزەكانی هاوڵاتیان لە پێشینەكانی خانوبەرە، سندوقی نیشتەجێبون، هاوسەرگیری، قەرزی بچووك، كشتوكاڵ، پیشەسازی و گەشتیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان داشكاندنی 15%ی بۆ تەواوی ئەو قەرزانە و لێخۆشبونی تەواو بۆ سزاكانی دانەوەی پێشینەكانی دەكات.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، سزای دارایی دواكەوتنی قەرزی پارەی بەشدارییەكانی دەستەبەری كۆمەڵایەتی هەڵدەگیرێت، ئەگەر خاوەنكار پارەی كەڵەكەبووی بەشداربووان بە یەكجار و بەشێوەی نەختی بدات، لە هەمانكاتدا لێخۆشبونی تەواوی سزای دواكەوتن و سود لەسەر باج و رەسمی كەڵەكەبوەكان وەرناگیرێت، بەمەرجێك ئەو هاوڵاتییە تەواوی باج و رەسمی كەڵەكەبوەكە بداتەوە.





PM:08:23:20/08/2022