هەولێر.. دوا وادەی لێخۆشبوونی قەرزی شارەوانییەکان ڕاگەیەندرا

شارەوانی هەولێر دوا وادەی لێخۆشبوونی %١٥ ی قەرزی شارەوانییەكانی ڕاگەیاند  "پێویستە هەتا ٢٠ی ئەیلولی ٢٠٢٢ هاووڵاتییان پێشینە و قەرزەكانیان بدەنەوە".

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٣ی ئاب  سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر لە ڕاگەیانراوێكدا بڵاویكردەوە، "دوا وادەی بڕیاری لێخۆشبوونی ١٥%ی قەرزی شارەوانییەكان لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان تاوەكوو ٢٠ ی ئەیلول دەبێت، بۆیە هاووڵاتییانی شاری هەولێر دەتوانن پێشینە و قەرزەكانیان بدەنەوە و سوودمەند بن لەو لێخۆشبوونە".

باسی ئەوەشکراوە، سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر سوپاسی هاووڵاتییانی خۆشەویست دەكات كە بە ڕێژەیەكی بەرچاو قەرزەكانیان داوەتەوە، هەر لەو ڕوانگەیەوە حكوومەتی هەرێم بڕیاری داوە ماوەی لێخۆشبوونەكە زیاد بكات.

ئەوەش هاتووە، " سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر داوا لە سەرجەم ئەو هاوڵاتیانە دەكات كە قەرزی شارەوانیان لەلایە ئەم دەرفەتە لەدەست نەدەن بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەكانیان بە لێخۆشبوونی ١٥٪".

 



PM:02:52:23/08/2022