بەرپرسێکی گەورەی شارەوانی سلێمانی لەسەر دۆسیەی بە تاڵانبردنی زەویەکانی سلێمانی دەستگیردەکرێت

ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٥ ی ئاب سکرتێری ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی ( ئەحمەد رەشید ) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەسەر کێشەی بەتاڵانبردنی زەویەکانی سلێمانی دەستگیردەکرێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی ( سپی ) کەوتووە، ئەحمەد رەشید لە دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی کە ئەمڕۆ سازکراوە، هێزە ئەمنییەکان دەستگیریان کردووە.

ناوبراو کە ئێستا سکرتێری ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانییە، پێشتریش ئەو سەردەمەی کە توانا کەمال سەرۆکی شارەوانی بوو، ئەو ئەندامی باڵای ئەنجومەنی شارەوانی بووە.

ئەحمەد رەشید بە پیشە ئەندازیارە، هاوکات سەروسەودای لەگەڵ یاساشدا هەیە.

ماڵپەڕی " سپی " ش دوێنێ چوار شەممە بڵاویکردەوە لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا هەریەک لە بەرپرسی بەشی هونەری و بەرپرسی پێشووی تەجاوزاتی شارەوانیی سلێمانی و بەرپرسی پێشووی بەشی ماستەرپلان و بەرپرسێک لە لیژنەی گوندەکانی هەمان شارەوانی دەستگیرکران، کە سیانیان پیاون و یەکێکیان ئافرەت بوو.





PM:04:56:25/08/2022