بڕی ئەو پارەیە ئاشكرا دەكرێت لە داهاتی سلێمانی خەرجكراون


عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری كوردستان رایدەگەیەنێت "لەداهاتی سلێمانی چەكی بانكی كڕدراون و زیاتر لە 250 ملیار دیناریش دەستكەوتیان بووە".

عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری كوردستان رایگەیاندووە "٤٧٠ ملیار دینار، داهاتی سلێمانی لەلایەن چەند كەسێكی دەسەڵاتدارەو لە بانكەكان بە چەكی بانكی خەرجكراون و زیاتر لە ٢٥٠ ملیار دیناریان دەستكەوتوە، ناكرێت لەم دۆسیەدا تەنیا چەند دوكاندارێكی بازاڕی دۆلارەكە بگرن!". 
 
هەروەها دەڵێت "لەماوەی ڕابردودا و هەتا ئێستا چەكی بانكی بە بڕیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان خەرج نەدەكرا، بەڵێندەران و ئەوانەی خاوەنی ڕاستەقینەی ئەم چەكی بانكیانە بون ناچاربون بە ٤٠٪ و كەمتر لە بەهاكەی خۆی لە بازاڕدا بیفرۆشن".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "لە ماوەی ڕابردودا بەپلانێكی تۆكمە چەند كەسێكی دەستڕۆشتوو بەهاوكاری بەرپرسانی بانك لە بازاڕدا بە نرخێكی كەم (٢٥٪ هەتا٤٠٪) بەهاكەی، ئەم چەكانەیان كڕیوە، ڕۆشتون لە بانك گۆڕیویانەتەوە، بۆ نمونە: چەكێك ڕەسیدەكەی (١٠ ملیار دینارە) بە (٣ ملیار دینار) لە بازاڕدا كڕیویانە، پاشان ڕۆشتون لە بانك كردویانەتە پارەو (١٠ ملیار دینار) یان وەرگرتوە، قەبارەی ئەم بازرگانی كردن و چەكی بانكی بە پارەكردنە "تائێستا زانراوە" نزیكەی (٤٧٠ ملیار دینار)ە لە داهاتی سلێمانی". 

عەلی حەمەساڵح وتویەتی "كەسێك قوتابخانەیەكی دروستكردوە یەك ملیار دینار چەكی بانكی پێدراوە، ناچار بوە بە ٤٠٪ چەكەكە بفرۆشێت،  دواتر كڕیارو دەسەڵاتدار ئەم چەكەیان كردوەتە پارە (یەك ملیار دینار)یان وەرگرتوە. بەمەش( ٦٠٠ ملییۆن) دینار قازانج لە یەك چەكی بانكی". 
 



PM:11:38:27/08/2022