سەربازێکی کورد لەلایەن فەرماندەکەیەوە دەکوژرێت

سەربازێکی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناو ڕیزەکانی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەلایەن فەرماندەکەیەوە کوژرا. 

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو سەربازێکی کوردی خەڵکی سەڵماس بە ناوی (موحەڕڕەم ئەشرەفی) تەمەن (٢٢) ساڵ لەلایەن فەرماندەکەیەوە کوژرا.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو گەنجە سەربازی هێزی ئینتزامی بووە و لە یەکێک لە بنکەکانی شارۆچکەی چایپارەی ئورمیە سەرقاڵی تێپەڕاندنی خزمەتی زۆرەملێی سەربازی بووە و تەنها (٤٠) ڕۆژی مابوو بۆ تەواوکردنی ماوەی سەربازییەکەی.

کەسوکاری موحەڕەم باسیان لەوەکردووە، فەرماندەی موحەڕڕەم لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بەهۆی کێشەی نەتەوەی و مەزهەبییەوە چەند جار لەگەڵی شەڕی کردووە و تەنانەت هەڕەشەی کوشتنیشی لێکردووە. 

ئەوەشی خستەڕوو، هێزە ئەمنییەکان بە بنەماڵەی ئەشرەفییان وتووە، کە کوشتنی کوڕەکەیان بە مەبەست نەبووە و هەڕەشەی بڵاوکردنەوەشیان لێکردوون. 


PM:01:39:10/09/2022