بارزانی و حه‌لبوسی به‌ مه‌رج پشتیوانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق ده‌كه‌ن

مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌گه‌ڵ كه‌سی یه‌كه‌م و دووه‌می سوننه‌كان كۆبووه‌وه‌ و تا به‌رێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ داوای به‌رده‌وامی كاره‌كانی په‌رله‌مان ده‌كه‌ن.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی، ئه‌مڕۆ یەكشەممە لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی پێشوازی لە  محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و خەمیس خەنجەر سەرۆكی هاوپەیمانێتی سیادە كرد، لە دیدارەكەدا دەرهاوێشتە نەرێنییەكانی بارودۆخی سیاسی لەسەر وڵات و پێویستی پشتبەستن بە زمانی دیالۆگ و پەیڕەوكردنی شێوازە دەستووری و یاساییەكان تاوتوێ كرا، ئەویش لە پێناو تێپەڕاندنی ناكۆكییەكان و گەیشتن بە چارەسەری وا كە لە بەرژەوەندی گەلانی عێراق بێت.

هەروەها هەردوولا جەختیان لە گرنگی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە كردەوە ئەویش لە دوای ئامادەسازییە یاساییەكان و بەپێی میكانیزمە دەستوورییەكانی بەر لە پێكهێنانی حكومەتێك، كە خاوەن سەلاحیاتی تەواو بێت و متمانەی هەموو لایەك لەسەر بەرنامەكانی بێت، جەختیش لە پێویستی بەردەوامی كاروباری ئەنجومەنی نوێنەران هەتا بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن كرایەوە. 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" هەردوولاش ئامادەی خۆیان ڕاگەیاندووه‌ بۆ بەشدارییەكی بنیاتنەرانە لە نزیككردنەوەی بۆ چوونی هەموو لایەنەكان و هەروەها هەڵنانی هەر هەنگاوێك كە خزمەتی بەرژەوەندی نیشتیمانی و ئاشتەوای كۆمەڵایەتی و پاراستنی ئاساییشی هاوڵاتیان بكات". 

هەر لەو دیدارەدا هاوپەیمانێتی سەروەری و پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئەوە كۆك بوون كە لە پەیوەندی و هەماهەنگیی بەردەوامدا بن بۆ گەڵاڵەكردنی هەڵوێستی هاوبەش لەپێناو خزمەتكردنی بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵات.


PM:04:03:11/09/2022