بافڵ تاڵەبانی داوایەك لە دژە تیرۆر دەكات


بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان داوای لە هێزەكانی دژەتیرۆر كردووە بەردەوام بن لە ئەركەكانیان بۆ بنبڕكردنی تیرۆر و پاراستنی ژیانی هاوڵاتیان.

بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی دەزگای دژەتیرۆر-CTG كۆبوەتەوە و لە كۆبونەوەكەدا وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتی دەزگای دژەتیرۆر و ژمارەیەك لە فەرماندەكانی هێزەكە ئامادەبون "گفتوگۆ لەبارەی چۆنییەتی روبەڕوبونەوەی پاشماوەكانی تیرۆریستانی داعشەوە كرا و جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگا و سەروەریی یاسا تاوتوێكران".

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "بافڵ تاڵەبانی دەستخۆشی و پێزانینی ئاڕاستەی هێزەكانی دژەتیرۆر كرد لە بەرامبەر هەوڵەكانیان لەپێناو پاراستنی ئارامی، سەقامگیری و روبەڕوبونەوەی تیرۆر، داواشیكرد بەهەمان رۆحییەت و هەڵوێستی نیشتمانییانەی خۆیانەوە بەردەوام بن لە ئەركەكانیان بۆ بنبڕكردنی تیرۆر و پاراستنی ژیانی هاوڵاتییان".

بافڵ تاڵەبانی وتویەتی "ئەركی ئێوەیە لەگەڵ ھێزە ئەمنییەكانی ھەرێم و ھێزی پێشمەرگە ھاوكاربن و ھاوشانی ھێزە ئەمنییەكانی عیراق لەھەوڵدابن بۆ روبەڕوبونەوەی مەترسییەكانی تیرۆر بەتایبەت لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان تێدایە".



PM:10:51:13/09/2022