لەبەر مەترسی بۆردومان خەڵکی گوندەکانی نزیک بارەگاکانی کۆمەڵە چۆڵی دەکەن

بەمشەوە خەڵکانێکی بەرچاوی گوندەکانی نزیک بارەگاکانی کۆمەڵەی ئێران ( هەر سێ باڵەکە ) ماڵەکانیان چۆڵ دەکەن لەبەر مەترسی بۆردومان.

پەیامنێری " سپی " لە سلێمانی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە بەمشەوە، هەینی خەڵکانێکی بەرچاوی دانیشتووی گوندەکانی نزیک بارەگاکانی کۆمەڵە لە باشوری رۆژهەڵاتی سلێمانی بەهۆی مەترسی بۆردومانی ئێرانەوە بۆ بارەگاکانی ئەو حیزبانە، ماڵەکانیان چۆڵ دەکەن.  

لە نێو خەڵکەکەدا وا بڵاوە کە ئەمشەو دوای ١٢ ی شەو ئێران سەرلەنوێ بۆردومانی بارەگاکانی کۆمەڵە دەکات.

بەپێی زانیارییەکانی " سپی " هەندێک لەو خەڵکە بەهۆی چەند پەیجێکی گوندەکانی ئەو ناوچەیەوە کە خەڵەکەکەیان ئاگادارکردۆتەوە کە دوای ١٢ ی ئەمشەو بۆردومان دەستپێدەکاتەوەو، ئەوانیش ماڵەکانیان چۆڵ کردووە.

ئەو گوندانەی نزیک بارەگاکانی کۆمەڵەن: زڕگوێزی گەورە، چاڵاو، کانی شاسوار، ئەلی، زڕگوێزەڵە.

رۆژی چوار شەممە ٢٨ ی ئەیلول لە رێگای فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و مووشەکەوە زیاتر لە ٧٠ مووشەک ئاراستەی بارەگاکانی هێزە ئۆپۆزسیۆنە کوردەکانی ئێران لە زرگوێز و کۆیەو شاراوە کراو، چەندان قوربانی پێشمەرگە و سیڤێلی تێدا کوژراو برینداربوون



PM:11:49:30/09/2022