ئاسایش کۆمەڵەی عەلیزادەو موهتەدی ئاگادار دەکاتەوە بارەگاکانیان لە سلێمانی دابخەن


ئاسایش لەناو شاری سلێمانی هەردوو لایەنی، کۆمەڵە رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمەنیستی ئێران( ئیراهیم عەلی زادە) و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران(  عەبدوڵای موهتەدی ) ئاگادار دەکەنەوە کە دوو بارەگای پەیوەندیان لەناو سلێمانیدا هەیە دایبخەن.
 
ئەو دوو بارەگایە دەکەونە گەڕەکی رزگاری پشت مەڵبەندی سلێمانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوەو، ئاگادارکردنەوەکەی ئاسایشیش دوێنێ چوار شەممە بووە کە پێیان راگەیاندوون بارەگاکانیان دابخەن.

بەپێی زانیاریەکانی دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە ئاسایش پێیان راگەیاندوون مەترسی ئەمنی هەیە لەسەر بارەگاکانیان.

هەر سێ باڵەکەی کۆمەڵە لە زڕگوێز بارەگاو ئۆردوگایان هەیە و لە ناو شاری سلێمانیش ئۆفیسی پەیوەندیەکانیان هەیە.

بۆ بەدواداچوونی پرسەکە، ماڵپەڕی ( سپی ) پەیوەندیکرد بە ئاسایشی سلێمانییەوە، بەڵام هیچ وەڵامێکی دەستنەکەوت.

٢٨ ی تشرینی یەکەم ئێران لە رێگای فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان و مووشەکەوە بۆردومانی بارەگاکانی کۆمەڵە لە زڕگوێز لە نزیک سلێمانی و، دیموکرات لە کۆیەو، پارتی ئازادی لە شێرواوە، کرد و بەدەیان هاوڵاتی مەدەنی و پێشمەرگە گیانیان لە دەستداو بە چەند منداڵ برینداربوون، هەروەها لەو رۆژانەدا ئەو وڵاتە تۆپبارانی چیای هەڵگوریان کرد.



PM:09:47:06/10/2022