ڕۆژنامەی سەباح: مەرجەکانی پارتی هەڕەشە لەسەر هەڵبژاردن دروست دەکەن

میدیای فەرمی عێراق بڵاویکردەوە، مەرجەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڕەشە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دروست دەکەن و کۆمسیۆنیش دەخەنە دۆخێکی دژوارەوە، پەرلەمانتارێکی پارتیش دەڵێت، هەڵبژاردن دواشبخرێت بە بێ جێبەجێکردنی مەرجەکانمان بەشداری ناکەین.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕۆژنامەی سەباح هەواڵێکی دەربارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە " کە پارتی دیموکراتی کوردستان پێداگریی لەسەر بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەکات ئەگەر گفتوگۆ لەسەر مەرجەکانی نەکرێت، ئەمەش دۆخێکی دژوار بۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دروست دەکات، چونکە لە کۆتایی ماوە یاساییەکەی نزیک دەبێتەوە، ئەگەرهاتوو ئەنجومەنی نوێنەران ماوەی ئەرکەکانی درێژ نەکاتەوە".

لە هەواڵەکەدا هاتووە " کە درێژکردنەوەی ماوەی ئەرکەکانی کۆمسیۆن پێویستی بە هەمواکردنی یاسای کۆمسیۆن هەیە".

لای خۆشیەوە سەباح سوبحی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاند" پارتی بڕیاری داوە بە بێ هەڵبژاردنێکی ئازاد و بێگەرد و سەرپەرشتی لایەنە شەرعییەکان بەشداری نەکات".

وتیشێ" ئامانجی پارتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنە لەسەر بنەما دیموکراسییەکان نەک دواخستنی، ئەگەر هاتوو بە بێ هاتنە دی مەرجەکان هەڵبژاردن دوابخرێت بەشداری تێدا ناکەین".

پەرلەمانتارەکەی پارتی ئەوەشی خستەڕوو کە هەڵبژاردن لە ١٠ی حوزەیرانی داهاتوودا ناکرێت، ئەویش " بە هۆی هەڵوێستی پارتییەوە کە گەورەترین کوتلەی سیاسییە لە هەرێمی کوردستاندا و پێمانوایە مەحاڵە بە بێ بەشداری پارتی بکرێت".

سەربارەت بە گرفتی تەمەنی کۆمسیۆنیش سەباح سوبحی ڕایگەیاند" ئەنجومەنی نوێنەران دەتوانێت ڕێگەچارەیەکی یاسایی بۆ بەردەوامبوونی کارەکانی بدۆزێتەوە".


AM:09:37:05/05/2024