وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، لەڕێگەی سیستمی پریپەیدەوە بارگرانی سەر فیدەرەكانی كارەبا بە رێژەی 400% كەم دەبێتەوە، كرێی كارەباكەش هەمان تێچوو دەبێت لەسەر هاوڵاتیان.
وەزارەتی كارەبا لەڕاگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە، ئەو هاوبەشانەی كە لە بازاڕی لەنگەی هەولێر و بازاڕی دهۆك و ئەڤرۆ ستی لە دهۆك كراونەتە سیستەمی پریپەید، 24 كاتژمێر كارەبایان هەیە.
هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە، لە هەرێمی كوردستان شەش هەزار و 356 هاوبەشی كارەبا بە سیستەمی پریپەیدەوە بەستراون و ئەكتیڤ كراون، بەجۆرێك هەزار و 457 هاوبەش لە بازاڕی لەنگەی هەولێر، هەزار و 524 هاوبەش لە بازاڕی دهۆك، سێ هەزار و 385 هاوبەشیش لە ئەڤرۆ ستی لە دهۆك بەستراون.
وەزارەتی كارەبا دەڵێت "ئەم سیستەمە سەرەڕای باشتركردنی دۆخی كارەبا، بارگرانی سەر فیدەرەكانی كارەبا بە رێژەی 400% كەم دەكاتەوە و كرێی كارەباكەشی بە هەمان نرخی ئێستای كارەبایە".