لێدوانی فەرمی حكومەتی هەرێم سەبارەت بە هاتنی نەوت لەبەغداوە بۆ هەرێم


بەرپرسێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا رایدەگەیەنێت، بەپێی رێككەوتنی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق بێت، دەبێت تا 20 ڕۆژی دیكە بەشە نەوت لە بەغداوە بگاتە هەرێمی كوردستان.

فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە میدیای فەرمی حكومەتی هەرێی كوردستانی راگەیاندوە "بەپێی بڕیاری ژمارە (169)ی ڕێكەوتی 7ی (ئەیلول/9)ی 2022ی ئەنجومەنی وەزیران، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی راسپارد، بە هەماهەنگی لەگەڵ دامودەزگاكانی دیكەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، بەر لە هاتنی وەرزی زستان و بە خێرایی كێشەی نەوتی سپی و سوتەمەنی بە گشتیی، لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵی چارەسەر بكەن".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد، "لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، كە لە ڕێكەوتی 20ی (ئەیلول/9)ی 2022، لەگەڵ هەریەك لە د.ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوت و د.حامد یونس ئەلزەوبەعی، بریكاری وەزارەت كۆبوینەوە، تاوەكو حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕی 257 ملیۆن و 500 هەزار لیتر نەوتی سپی لە حكومەتی فیدراڵی بكڕێت و بۆ هەر خێزانێكی هەرێمی كوردستان 200 لیتر دابین بكات''.

فارس عیسا باسی لەوەشكردوە، ''لە چوارچێوەی ڕێكەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵی پێیان راگەیاندین پشكی هەرێمی كوردستان تا سەری مانگ، واتە تا 20 ڕۆژی دیكە دابین دەكرێت و پڕۆسەكە لە 15ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ، دەست بە هەناردەكردنی ئەو بڕە سوتەمەنییە دەكرێت، بە ئومێدی ئەوەی وەك ساڵانی پێشوی لێ نەیەتەوە كە لە كۆی 257 ملیۆن لیتری ساڵانە، كەمتر لە 65 ملیۆن لیتر بۆ هەرێم نێردرا".



PM:07:18:11/10/2022