شاخەوان عەبدوڵا: كازمی كۆسپە



شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت "كازمی بووەتە كۆسپ لەبەردەم پڕكردنەوەی پۆستە ئەمنییەكان و تائیسَستا حەوت پۆستی كورد پڕنەكراوەتەوە".

شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە چاوپێكەوتنێك چەند میدیایەكدا رەخنەی لە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق گرتووە و رایگەیاندووە، كازمی بووەتە كۆسپ لەبەردەم پڕكردنەوەی پۆستە ئەمنییەكان و وتی "ئێستا لە كەرتی ئەمنی عێراقدا پێكهاتەكان ئامادەییان نییە و كورد پەراوێز خراوە، حەوت پۆستی كورد لە پۆستە ئەمنییەكان بەتاڵ ماونەتەوە، كازمی نایەوێت پڕ بكرێنەوە و بووەتە كۆسپ لەبەردەم پڕكردنەوەیان".

ناوبراو نمونەی بە پۆستی جێگری دەزگای هەواڵگری عێراق هێنایەوە كە پشكی كوردە و بەرپرسی پێشووی خانەنشین بووە، بەڵام تا ئێستا كازمی واژووی دەستبەكاربوونی جێگرەوەكەی نەكردووە.

هەروەها وتی "كازمی دوو جێگری دیكەی عەرەبی داناوە، رائید جوحی كردووەتە سەرۆكی دەزگای هەواڵگری و دەیتوانی پۆستەكانی دیكەی كورد به بەرپرسی كورد پڕ بكاتەوە، بەڵام نایكات".

شاخەوان عەبدوڵا هێرشی كردۆتە سەر بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆمار و كاندیدی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار و رایگەیاندووە "پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی كوردە، دەبێت كۆدەنگی كوردی لەسەر بێت، لە 2018دا بەرهەم ساڵح بە دەنگی خەڵكی دیكە بووە سەرۆك كۆمار و كۆدەنگی كوردی لەسەر نەبوو، بۆیە نوێنەری كورد نەبووە و نەیتوانیوە پارێزەری دەستوور و بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان بێت".

ناوبراو روونیكردەوە "تەنانەت چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ ئەوەدان یەكێتی بەرهەم ساڵح بكێشێتەوە و ئەوانیش گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی بەرهەم ساڵح لە خولی رابردوودا سوودی بۆ عێراق نەبووە".






PM:11:55:11/10/2022