تا ئێستا سەرۆکی پێشوو و چەند ئەندازیاری شارەوانی سلێمانی لە زیندان ماون


ئەمڕۆ چوار شەممە ١٩ ی تشرینی یەکەم سەرۆکی شارەوانی سلێمانی بڕیاری ( سحب الید) بۆ کاتی دەستگیرکردنی ئەو فەرمانبەرانە  دەرکردووە کە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە لەسەر دۆسیەی گەندەڵی شارەوانی سلێمانی، ئەمە لە کاتێکدایە کە هێشتا سەرۆکی پێشووی شارەوانی توانا کەمال و چەند ئەندازیار هێشتا لە زینداندان.

بەپێی ئەو بەڵگەنامەیەی دەست " سپی " کەوتووە و رێکەوتی ١٩/١٠/٢٠٢٢ ی لەسەرەو واژووی لەیلا عومەر سەرۆکی شارەوانی لەسەرە، ٢٠  ئەندازیار و  مافپەروەر و فەرمانبەر( سحب الید )یان بۆ کراوە لەو ماوەیەدا کە لە زیندان لێکٶڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە. هەر لەو نوسراوەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە هەریەک لە ئەندازیار (هاوکار زاهیر، نەورۆز محەمەد کەریم، کەمال حەسەن، عمر حسن، شاسوار مهدی ، ئاری عوسمان)و فەرمانبەر ( دێکان ئازاد) هێشتا ئازاد نەکراون.

بەپێی زانیارییەکانی ( سپی ) توانا کەمال سەرۆکی پێشووی شارەوانی سلێمانی هێشتا لە زینداندایە، بەو پێیەی ئێستا کارمەندی شارەوانی نییە، ناوی لە لیستەکەی شارەوانی ئێستای سلێمانی نەهاتووە.

هەموو ئەوانەش ئازاد کراون بە کەفالەت ئازاد کراون تا رۆژی دادگایی کردن.

ماوەی دوو مانگە لێکۆڵێنەوە لەسەر گەندەڵی گەورە لە بواری زەوی و زاردا لە چەندان ئەندازیار و فەرمانبەری شارەوانی سلێمانی کراوەو تا ئیستا بەردەوامە.   



PM:09:40:19/10/2022