سەرۆکی پێشووی شارەوانی سلێمانی بە زیندانیکراوی دەبرێتەوە شارەوانی سلێمانی


هەفتەی رابردوو سەرۆکی پێشووی شارەوانی بە زیندانیکراوی دەهێنرێتە شارەوانی سلێمانی بۆ کردنەوەی قاسەیەک و دەرهێنانی چەند بەڵگەنامەیەک  کە لە لێکۆڵینەوەی دادگاوە داواکرابوو.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە هەفتەی رابردوو چەند ئاسیشێک توانا کەمال سەرۆکی پێشووی شارەوانی سلێمانی بە کەلەبچەکراوی دەهێننە شارەوانی سلێمانی و قاسەیەکی پێدەکەنەوەو هەندێک بەڵگەنامە لەگەڵ خۆیاندا دەبن کە لەلایەن لێکۆڵینەوەی دادگای سلێمانیەوە داواکرابوو.

هەر لەوا بوارەدا بەپێی ئەو زانیاریانە، داوای کەفالەتیکی گەورە لە توانا کەمال کراوە بەرامبەر ئازادکردنی بە کەفالەت تا رۆژی دادگاییکردن.

لەلایەکی ترەوە ماوەیەک لەمەوبەر هەر لە دۆسیەکی گەندەڵی لەبواری زەویەکانی پارێزگای سلێمانی، بەڕێوەبەری پێشووی ناحیەی بەکرەجۆ و برایەکی دەستگیرکرابوون، ماوەیەکە براکەی بەربووە، بەڵام خۆی لە زیندان ماوەتەوەو داوای کە فالەتێکی گەورەی لێدەکرێت.
هەروەها تا ئێستا لە نێو بەرپرسانی شارەوانی سلێمانیدا کە دەستگیرکراون، هەریەک لە ئەندازیار (هاوکار زاهیر، نەورۆز محەمەد کەریم، کەمال حەسەن، عمر حسن، ئاری عوسمان)و فەرمانبەر ( دێکان ئازاد) هێشتا ئازاد نەکراون.

ماوەی دوو مانگە لێکۆڵێنەوە لەسەر گەندەڵی گەورە لە بواری زەوی و زاردا لەگەڵ چەندان ئەندازیار و فەرمانبەری شارەوانی سلێمانی و شارەوانی و ناحیەکانی چواردەوریدا دەستیپێکردووە، ژمارەیەکی بەرچاویان دەستگیرکران، لەو ژمارەیە هەندێکیان بە کەفالەت ئازادکران تا رۆژی دادگاییکردن، ژمارەیەکی تریشان لە زینداندا هێڵراونەتەوەو لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.



PM:10:49:30/10/2022