خوێندکارانی زانکۆکان هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندان دەکەن


خوێندكارانی چەند زانكۆی و پەیمانگا بەهۆی پێنەدانی دەرماڵەكانیان لە لایەن حكومەتی هەرێمەوە هەڕەشەی دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندان و بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن دەكەن.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا، زانیار فەرەیدون، نوێنەری ئەو خوێندكارانە بە میدیاکانی ڕایگەیاند " ساڵی ڕابردوو دوای خۆپیشاندانی خوێندكاران بڕیاردرا بە پێجانی دەرماڵەی خوێندكاران لەژێر ناونیشانی پاڵپشتی دارایی خوێندكاران، بەڵام بۆ ئەمساڵی خوێندن تا ئێستا هیچ بڕیارێك نەدراوە بۆ بەردەوام بوون و بە یاساییكردنی ئەو دەرماڵەیە و چەسپاندنی".

لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی" هەتا ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو مۆڵەت دەدەینە حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار، گەر بەدەم داواکارییەکانمانەوە نەیەن پەنا دەبەینەوە بەر خۆپیشاندان و بایکۆتکردن".

خوێندکاران هۆشداری دەدەینە لایەنە سیاسییەكان و ئۆپۆزسیۆن هیچ لایەنێك بیر لەوە نەكاتەوە ناڕەزایەتییەكانی خوێندكاران بۆ بەرژەوەندی سیاسی خۆی بەكاربهێنێت.

هەتا مانگی شەشی ساڵی پار دەرماڵەی خوێندكارانی زانكۆ وەرگیراوە و تا ئێستا بۆ ئەمساڵی خوێندن هیچ دەرماڵەیەك نەدراوە بە خوێندكاران.



PM:05:52:01/11/2022