سەبارەت بە دۆسیەی كوژرانی هاوكار جاف، پارتی پەیامێك ئاڕاستەی یەكێتی دەكات


سەركردەیەكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، بردنی دۆسیەی "تیرۆركردن"ی عەقیدەكەی دەزگای دژە تیرۆر بۆ لای كونسوڵخانەكان لەجێی خۆی نییە، چونكە بابەتەكە پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بە دادگاوە هەیە.

عەلی عەونی، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە "ئێمە ناكۆكیمان لەگەڵ یەكێتی نییە، بەڵام یەكێتی لەخۆڕا ناكۆكی دروستكردوە، ئێمەو یەكێتی شەریكی سەرەكین، یەكێتی هێزێكی گرنگی نێو گۆڕەپانی سیاسی هەرێمە، یەكێتی توشی هەڵچون بوە لەسەر ئەو كارە تیرۆرستیەی لەناو شاری هەولێر بەدەستی كۆمەڵێك كادیری ڕویداوەو تۆمەتبارەكان داواكراون لەلایەن دادگاوە."

عەونی روونیكردۆتەوە "سەرۆكی حكومەت و دام و دەزگا ئەمنییەكانی هەولێر ئامادەیی خۆیان نیشانداوە، یەكێتی كام دەزگای هەواڵگیری دەوێ، ئەمەریكا، یاخود چین و ژاپۆن هەر وڵاتێكی دەوێ، با بێن شاهیدی لێكۆڵینەوەكان بن، بەڵام ئەوان لەوە نیگەران بون، بابەتەكە لە میدیا بڵاوكرایەوە."

رۆژی  چوارشەممە بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی سەردانی شاری هەولێری كردو لەگەڵ كونسوڵی هەندێك لە وڵاتاندا كۆبوەوە، ڕونكردنەوەی پێدان لەبارەی كوژرانی عەقیدەكەی دەزگای دژە تیرۆرەوەو هەندێك لەو فەرماندانەی دژە تیرۆریشی لەگەڵ بوو كە تۆمەتبار دەكرێن، لەو بارەیەوە عەلی عەونی وتی"ئەم كێشەیە لای كونسوڵ و ڕێكخراوی خێرخوازی نییە، ئەم كێشەیە لای دادگایە، جەنابی بافڵ تاڵەبانی یان تیمێكی باوەڕپێكراوی یەكێتی دەتوانن بێنە هەولێرو چاودێری لێكۆڵینەوەكان بكەن."

وتیشی "كاك بافڵ بە تۆمەتبارەكان دەڵێت لەگەڵم وەرن بۆ هەولێر، ئەمە كێشە دروست دەكات، بەڵام حكومەت بە سنگ فراوانییەوە مامەڵە دەكات، ئەوانە داواكراون لەلایەن دادگاوەو دە ساڵی تریش بێت، دەبێت بێنە دادگا، با بێنە دادگاو بیسەلمێنن بێ تاوانن."




AM:11:54:11/11/2022