مەسرور بارزانی باس لە دیالۆگ لەگەڵ بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات

مەسرور بارزانی ڕایدەگەیەنێت" بەردەوام دەبین لە گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و لایەنە نێودەوڵەتییەکان بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە هێرش و بۆردومانی هەرێم لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە". 

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی کوردستان، لە میانەی پێشکەشکردنی وتارێکیدا لە پەراوێزی کردنەوەی قۆناغی دووەم و سێیەمی ڕێگای (١٥٠) لە هەولێر ڕایگەیاند" بەداخەوە لە ماوەی پێشوودا شاهیدی بۆردومانی هەرێمی کوردستان بووین بە مووشەک، و بە بیانووی جۆراوجۆر هێرشی ناڕەوا ئەنجام درا، کە سنورەکانی هەرێم و سەروەری عێراق پێشێل دەکرێت".

جەختیشیکردەوە" ئەم پرسە قبوڵکراو نییە و بە هیچ شێوەیەک کێشەکان چارەسەر ناکات، دەبێت ئەم پێشێلکاریانە لەسەر سنورەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بوەستێت". 

وتیشی" ئێمە بەردەوام دەبین لە گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆتاییهێنان بەم هێرشە ناڕەوایانەی کە ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە". 

و ئاماژەی بەوەشکرد" هەرێمی کوردستان نابێتە شوێنێک بۆ هەڕەشەکردن و بەئامانجگرتنی وڵاتانی دراوسێ و ئێمە نامانەوێت ئەو وڵاتانە تێکبدەین، و پێویستە ئەوانیش بە هەمان شێوە مامەڵە لەگەڵ ئێمەدا بکەن و پشتیوانمان بن". 

دەشڵێت" ئیدانەی هەر هێرشێک دەکەین کە لە ناوچەکەوە دژی وڵاتانی دراوسێ ئەنجام بدرێت". 

لە بەشێکی تری وتارەکەیدا مەسرور بارزانی دەستی خستە سەر پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێم و ڕایگەیاند" پەیوەندیمان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق باشە و پابەندین بە جێبەجێکردنی مەنهەجی وەزاری بۆ حکومەتی نوێی عێراق".

بارزانی هیواشی خواست چارەسەری ناکۆکی و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە زووترین کاتدا بکرێت. 

هەروەها سەرۆکی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم ئامادەی خۆی دوپاتکردەوە بۆ ناردنی شاندی دانوستانکاری حکومەت بۆ بەغداد  وتی" سەردانێکی سەرۆکی هەرێم بۆ بەغدا هەبووە، هەروەها ئامادەم سەردانێک بۆ پایتەختی عێراقیش بکەم". 


PM:03:05:23/11/2022