بلاسخارت: گەندەڵی یەکێکە لەو ئاڵنگارییە هەرە گەورانەی کە رووبەڕووی عێراق بووەتەوە

ئەمڕۆ هەینی نوێنەری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" گەندەڵی بەربڵاو یەكێكە لەو ئاڵنگاریە گەورانەی رووبەروی عێراق بووەتەوە". 

جینین پلاسخارت نوێنەری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە" گەندەڵی بەربڵاو و سیستماتیک یەکێکە لە ئاستەنگە گەورەکانی بەردەم عێراق، چونکە تێچووی ئابووری و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر سەقامگیری و خۆشگوزەرانی هاووڵاتیان لە مافەکانیان بێبەش دەکات".

دەشڵێت" کەیسی هەرە بەناوبانگی گەندەڵی لە عێراق، کە بە دزی سەدەش ناسراوە، بەداخەوە دواهەمین نابێت و هەر بۆیە هیوادارین  ببێتە زەنگی ئاگادارکردنەوە". 

دەقی پەیامەکەی جێنین هێنیس پلاسخارت:

پەیامی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، خاتو جێنین هێنیس پلاسخارت لە ڕۆژی جیهانیی دژە گەندەڵیدا 9ی کانوونی یەکەمی 2022

گۆڕانکاری سیستەماتیکی لەوپەڕی پێویستیدایە بۆ ئایندەی عێراق

گەندەڵیی بەربڵاو و سیستەماتیکی یەکێکە لەو ئاڵنگارییە هەرە گەورانەی کە رووبەڕووی عێراق بووەتەوە. تێچووە ئابوورییەکەی و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لەڕاددەبەدەرە چونکە دەبێتە مایەی لاوازکردنی پێشکەوتن و بێبەشکردنی هاوڵاتیان لە مافەکانیان و کزکردنی وەبەرهێنانی جیهانی و بە ناڕەوایی بردنی ئەو سەرچاوانەی کە بۆ خەڵک لەڕووی قوتابخانە و نەخۆشخانە و چەندین خزمەتگوزاری تر پێویستن.

من زۆر جار بە تایبەتیش لەم دواییەدا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی تشرینی یەکەمدا وتم کە "گەندەڵی هۆکاری سەرەکیی پەکخستنە و گەر هەر بەم شێوەی ئێستاش درێژەی هەبێت ئەوە دوا جار بە خراپ بەسەر وڵاتدا دەشکێتەوە."

کەیسی هەرە بەناوبانگی گەندەڵی لە عێراق، کە بە "دزی سەدە"ش ناسراوە، بەداخەوە دواهەمین نابێت و هەر بۆیە هیوادارین  ببێتە زەنگی ئاگادارکردنەوە.

ئەوەش بەڵگەنەویستە کە گۆڕانکاریی سیستەماتیکی لەوپەڕی پێویستیدایە بۆ ئایندەی عێراق بەڵام ئەم گۆڕانکارییەش هەرگیز لەچاوتروکانێکدا روونادات بەڵکو پێویستی بە کاری چڕوپڕ و کۆڵنەدان و هەوڵی هەمەلایەنە هەیە بە تێگەیشتنیش لەوەی کە  ئێستا کاتی کارکردنە.

ڕاستە حکومەت چەندین هەنگاوی هاندەری ناوە بەڵام ئەوەش شاراوە نییە کە رەنگە ئەم هەنگاوانە یان تووشی بەربەست بن یانیش لاواز بکرێن لەلایەن ئەو کەسانەی کە لەم پرۆسەیەدا تووشی زیان دەبن. بەڵام رێگەم بدەن با ئەوە دووپات بکەمەوە کە ئەم جۆرە کەسانە هەرگیز نابێت ئەو بوارەیان پێ بدرێت.

ئەمساڵ، رۆژی جیهانیی دژەگەندەڵی هەوڵ دەدات کە پەیوەندیی بەهێزی نێوان ئاشتی و دژە گەندەڵی و سەقامگیری و گەشەپێدان بە زەقی بخاتە ڕوو. سەرباسی "یەکخستنی جیهان بۆ دژایەتی گەندەڵی" جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەم تاوانە ماف و بەرپرسیاریی هەموو کەسێکە.

هەر بەم گیانە و لەپێناوی نەوەکانی داهاتوودا، با هەموومان بە یەکەوە لە عێراق و شوێنەکانی تریش،  چی وەکو تاکە کەس و چی وەک ئەوانەی کاربەدەستن، شەڕی لێپێچینەوە و واڵایی (شەفافیەت) و سەروەری یاسا بکەین بۆ ئەوەی بتوانین سیستەمێک دروست کەین کە پێویستییەکانی کۆمەڵگا دابین بکات لەجیاتی خزمەتکردنی توێژێکی داخراو کە بایەخیان بۆ بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان زۆر کەمە. بەکارهێنانی سەرچاوەکان بۆ  بەرژەوەندیی حیزبی و تایبەتی پێویستە کۆتایی پێ بهێنرێت و دابینکردنی لێپێچینەوەش لەتەواوی پرۆسەکەدا لەوپەڕی گرینگیدایە.


AM:11:51:09/12/2022