یەکێتی وەڵامێکی توندی شاخەوان عەبدوڵا دەداتەوە

چاودێرێکی سیاسی وەڵامی پەیامەکەی شاخەوان عەبدوڵا ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دەداتەوە و دەڵێت" لە سایەی حزبەكەی ئەوەوە تا ئێستا نەتوانراوە پارێزگارێكی كورد بۆ ئەو شارە دابنرێت". 

سەتەلایتی گەلی كوردستان لە زاری چاودێرێکی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕایگەیاندووە" شاخەوان عەبدوڵڵا لە بری هەڵای میدیای كە پەیوەندییەكانی حزبەكەی لەگەڵ ڕاكان جبوری پەردەپۆش بكات باشترە زانیاری لەبارەی ڕێككەوتنە پەنجا ساڵەكەی نەوتی كوردستان لەگەڵ توركیا وەربگرێت نەك مەرزی باشماخ كە سایتی شەفافیەت سات بە سات داهاتەكەی بڵاودەكاتەوە و پرسیارێك لە دۆخی ئێستای كەركوك بكات كە لە سایەی حزبەكەی ئەوەوە تا ئێستا نەتوانراوە پارێزگارێكی كورد بۆ ئەو شارە دابنرێت". 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

شاخەوان عەبدوڵا.. ئێستا كە جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عیراقە و پلەی ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی لە حزبەكەی هەیە، لەبری پەنابردن بۆ یەكێتی و لایەنە كوردییەكان، بە قسە فرێدان لەبارەی بابەتی ترەوە، دەیەوێت پەیوەندییە توندەكەی لەگەڵ ڕاكان جبوری پەردە پۆش بكات و دەستی چەوری خۆی بەسەر كەسانی تردا بسرێت.  

لە چەند رۆژی رابردوو راكان جبوری پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك بێ‌ ئەوەی ئاگای لەخۆی بێت هەموو ڕاستییەكانی لەبارەی پەیوەندییەكانی خۆی و شاخەوان عەبدوڵا ئاشكراكرد و زۆر بە ڕونی نهێنی پەیوەندییە توندوو تۆڵەكەی لەگەڵ پارتی لە چاوپێكەوتنێكی میدیایی باسكرد .

بەڵام دوای قسەكانی راكان جبوری، شاخەوان عەبدوڵا بۆ پەردەپۆشكردنی ئەو بابەتە روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و دەیەوێت بە قسە فرێدان لەبارەی بابەتی ترەوە ئەو پرسە دیزە بەدەرخۆنە بكات و خۆڵ بكاتە چاوی خەڵك.

بۆیە چاودێرێكی سیاسی  لە بەشی مۆنیتەرینگی سەتەلایتی گەلی كوردستێ‌ن كە بەشێكی تۆمەت و زمانە زبرەكەی رووی لەو كەناڵەیە دەڵێت، شاخەوان عەبدوڵڵا لەبری هەڵای میدیایی كە پەیوەندییەكانی حزبەكەی لەگەڵ ڕاكان جبوری پەردەپۆش بكات باشترە زانیاری لەبارەی ڕێككەوتنە پەنجا ساڵەكەی نەوتی كوردستان لەگەڵ توركیا وەربگرێت نەك مەرزی باشماخ كە سایتی شەفافیەت سات بە سات داهاتەكەی بڵاو دەكاتەوە  و پرسیارێك لە دۆخی ئێستای كەركوك بكات كە لەسایەی حزبەكەی ئەوەوە تا ئێستا نەتوانراوە پارێزگارێكی كورد بۆ ئەو شارە دابنرێت .

هەروەها چاودێر  دەڵێت، راكان جبوری ئەوەندە دڵنیایە لەوەی هەولێر كێشەی نییە لەگەڵی بۆیە منداڵەكانی خستۆتە خوێندنگای شوەیفاتی هەولێر و ساڵانە بڕێكی باش پارەیان بۆ دەدا.

بۆیە داوای لێدەكات ئەو هەرەشە وهۆشدارییانەی ئێستاشی بەدەردی  حیكایەتی فرۆكەخانەی كەركوك نەبات.

چاودێرەكەی گەلی كوردستان هەروەها پەیامی ئەوە بەگوێی شاخەوان عەبدوڵا دەدات كە تۆمەتبەخشینەوە هیچ خزمەتێك بەدۆزی كورد ناكات چونكە خەڵكی باش دەزانێت ناوچە جێناكۆكەكان و ماددەی 140خەمی لەمێژینەی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان بووە و لەو سۆنگەیەشەوە لەماڵی مام بوو بڕیار لەكاراكردنەوەی لیژنەی ماددەی 140 درا.

كەركوكییەكانیش كە خۆراگری دادودەزگاكانی یەكێتی و مەڵبەندەكەی لە كەركوك دەبینن هەروا  دەشزانن پەیوەندییەكانی شاخەوان و حزبەكەی لەگەڵ راكان جبوری چۆنە بۆیە هیچ تۆمەت و ژاوەژاوێكی میدیاییش ناتوانێت كاروانی خەباتی پڕ خزمەتی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان ڕابگرێت چونكە یەكێتی بە كردار كار بۆ تەواوی ناوچەكانی كوردستان دەكات و بەخوێن مافە نەتەوەییەكان و بەرژەوەندییە نیشتمانییەكان دەپارێزێت. 


PM:11:07:29/12/2022