کورد و یۆنان و بنکۆڵکردنی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا!

شوان حەمە
.
ناوەڕاستی مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو، لە ناوچەی بالی گەشتیاریی، لە وڵاتی ئەندەنوسیا، دوور لە کامێرا و ڕۆژنامەنوسان، ئەردۆغان لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن کۆبوەوە.
حەفتاو دوو کاتژمێر دوای گەڕانەوەی ئەردۆغان لە کۆبوونەوەکانی بالی، سوپای تورکیا هێرشی کردە سەر نزیکەی پێنجسەد ئامانجی دیارکراو لە ڕۆژئاوای کوردستان.
دیداری نێوان ئەردۆغان و جۆ بایدن لە بالی، دوا هەوڵی شکستخواردووی هەردوولا بوو، بۆ خاوکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و ڕێکەوتن لەسەر پرسی سوریا بە گشتی و ڕۆژئاوای کوردستان بەتایبەتی.
بە گوێرەی هەندێک سەرچاوەی نزیک لە هێزەکانی سوریای دیموکرات، کە دواتر  ڕۆژنامەی سپوتونیکی ڕووسی هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە، چەند ڕۆژ بەر لە دیدارەکەی ئەردۆغان و بایدن، کاروانێکی سەربازی ئەمریکی، لە باشوری کوردستانەوە ڕووی لە ڕۆژئاوای کوردستان کردووە. کاروانە سەربازییەکە چەند جۆر چەکی پێشکەوتوو کاریگەری تێدا بووە، کە بۆ یەکەم جار دراوە بە هێزەکانی سوریای دیموکرات. 
چەکەکان بریتن لە:
یەک: موشەکی دژەتانکی جافلین.
دوو: موشەک دژە تانکی تاو، ئەو جۆرەی لەسەر شان دەتەقێندرێت.
سێ: چەند موشەکی دژە فڕۆکە لە جۆری ستینگر. بە گوێرەی سەرچاوەکان، ژمارەی موشەکی ستینگر لە کاروانە سەربازییەکانی داهاتوودا بۆ ڕۆژئاوا زیاد دەکرێن.
بەکارهێنانی فڕۆکەی ئێف شازدە، لە هێڕشە ئاسمانییەکەی تورکیا، لە بیستی مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو، بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، ئەو پەیامە بوو تورکەکان ویستیان بە ئەمریکییەکانی بگەیەنێت. زمانی حاڵی پەیامەکای تورکیا بۆ ئەمریکا دەڵێت: با ئەو چەکە دژە فڕۆکانەی ئێوە داوتانە بە دوژمنەکانمان، فڕۆکە ئێف شازدەکان بخەنە خوارەوە!
جیمس جیفری کە پێشتر نێردراوی کۆشکی سپی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو، یەکێک لە شارەزاترین سیاسییەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکە، لە دیدارێکی ڕۆژنامەوانی، لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا سیاسەتی ئەمریکا لە سوریا چییە؟ بە ڕۆژنامەی شەرقی ئەوسەتی لەندەنی وتووە: لەگەڵ کاربەدەستانی وەزارەتی دەرەوە و نوێنەرانی ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان قسەم کردووە، کەس زانیاری لا نییە، کەس نازانێت سیاسەتی ئەمریکا لە سوریا ڕوو لە کوێ دەکات، جیفری دەڵێت: ئیدارەی بایدن، یا سوریای بۆ گرنگ نییە و دۆخەکە وەک خۆی دەهێڵێتەوە، یان بەنیازی شتێکە کەس نازانێت چییە! 
لە ئێستادا دەنگۆی ئەوە هەیە کە ئەمریکییەکان نەخشەڕێیەکیان بۆ ئاشتکردنەوەی تورکیا داڕشتبێت. نەخشەرێگاکە بریتییە لە تێکەڵکردنی بەشێک لە هێزە چەکدارەکانی سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی میانڕەوی سوری، لەگەڵ ‌هێزەکان سوریای دیموکرات، هەمانکات فرۆشتنی چل فڕۆکەی ئێف شازدە و نوژەنکردنەوەی حەفتاو نۆ فڕۆکەی تر، کە ساڵانێکە هێزە ئاسمانییەکانی تورکیا بەکاریان دەهێنن. 
لە بەرامبەر فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف شازدە، ئەمریکییەکان دوو مەرجیان بۆ تورکیا داناوە:
یەکەم: نابێت تورکیا دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و دۆستەکانی تورکیا جوڵە بکات (لە دۆخی سوریادا مەبەست پاراستنی ڕۆژئاوای کوردستان و هێزەکانی سوریای دیموکراتە).
دووەم: دەبێت تورکیا بەڵێنی نوسراو بدات، کە فڕۆکەی ئێف شازدە دژی یۆنان بەکار نەهێنێت.
ئەم مەرجانەی ئەمریکا بۆ تورکیا لەکاتێکدایە کە کۆنگرێسی ئەمریکی، ڕەزامەندی لەسەر فرۆشتی سی فڕۆکەی جۆری ئێف سی وپێنج بە یۆنان داوە.
بەبڕوای من دەرکردنی تورکیا لە بەرنامەی فڕۆکەی ئێف سی و پێنج و فرۆشتنی بە یۆنانییەکان، سیاسەتی بە براگەورەکردنی یۆنانە بەسەر تورکیاوە!
.


PM:11:26:15/01/2023