داوای دانیشتنی پەرلەمان بۆ دابەزینی نرخی دۆلار دەكرێت


زیاتر لە ٢٠٠ پەرلەمانتاری عێراق واژۆیان كۆكردۆتەوە بۆ ئەوەی پەرلەمان دانیشتنێك لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارەوە رێكبخات.

محەمەد زیادی، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندوە، زیاتر لە ٢٠٠ پەرلەمانتار واژۆیان بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێكی تایبەتی پەرلەمان لەبارەی بەرزی نرخی دۆلارەوە كۆكردۆتەوە و داوایان كردووە هەرچی زووە پەرلەمان دانیشتنەكە ئەنجام بدات.

زیادی ئاماژەی بەوەكردووە، ئەندامانی پەرلەمان هەتا ئێستا سێجار واژۆیان بەمەبەستی رێكخستنی دانیشتنی پەرلەمان لەبارەی بەرزی نرخی دۆلار و یاریكردنی نرخەكەی كۆكردۆتەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆی بەردەوامی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و كاریگەرییە نەرێنییەكانی لەسەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان بكرێت.

ماوەی زیاتر لە مانگێكە نرخی دۆلار بەرزبوونەوەی زۆری بەخۆوە بینیوە و حكومەتی عێراق و بانكی ناوەندیش بەردەوام جەخت لەدابەزینی نرخەكەی دەكەنەوە.



PM:03:48:21/01/2023