بەپێی هەواڵی میدیاکانی عێراق، بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق،بڕیاریدا مستەفا غالب پارێزگاری بانکی ناوەندی لە پۆستەکەی دووربخاتەوە، هاوکات عەلی موحسین عەلاق بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانی بانکەکە بە وەکالەت بە راسپارد.
هەروەها بەڕێوەبەری بانکی بازرگانی عێراقیش لەلایەن سودانییەوە خانەنشین کرا و بیلال حەمدانی کە بەڕێوەبەری بانکی پیشەسازی عێراقە و لە ساڵی (٢٠٠٥)ەوە لە کەرتی بانکی عێراقیدا کاری کردووە، بۆ بەڕێوەبەردنی بانکی بازرگانی عێراق بە وەکالەت ڕاسپێردرا.
نرخی دۆلار لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردووەوە بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە، بەو پێیەی کە هەر ١٠٠ دۆلارێک لە سەروو ١٦٥ هەزار دینارەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت.