بەڵێنێكی پارێزگاری بانكی ناوەندی بۆ دابەزینی نرخی دۆلار ئاشكرابوو


بەرپرسێكی رەوتی حیكمە رایدەگەیەنێت، پارێزگاری نوێی بانكی ناوەندی بەڵێنی داوە بۆ گەڕاندنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بەدینار بۆ دۆخی ئاسایی خۆی لەماوەی چەند هەفتەیەكدا.

فادی شەمەر، ئەندامی مەكتەبی سیاسی ڕەوتی حیكمە لە تویتێكدا رایگەیاندووە، حكومەت بڕیاری بوێرانەی دەركردوە بۆ گەڕاندنەوەی كۆنتڕۆڵ و هاوسەنگی ڕێژەی دراو دوای قسە و باسەكانی ئەم دواییەی بازاڕ، لەوانەش گۆڕینی پارێزگاری بانكی ناوەندی و پاڵپشتیكردنی دابینكردنی نرخی فەرمی بە بازرگانان لە كەرتە بازرگانییە جیاوازەكاندا.

ناوبراو روونیكردۆتەوە، یەكێك لە بەڵێنەكانی پارێزگاری نوێی بانكی ناوەندی ئەوەیە كە بەهای دۆلار بەرامبەر بەدینار لەماوەیەكی كەمدا دەگەڕێنێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی، بۆیە ئەم دۆخەی دروستبوە چەند هەفتەیەك زیاتر ناخایەنێت.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بەمەبەستی دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی و رێگریكردن لەزیاتر بەرزبونەوەی بەهاكەی، پارێزگاری بانكی ناوەندی لە پۆستەكەی دورخستەوە و عەلی عەلاقی وەك پارێزگاری بانكی ناوەندی بە وەكالەت دەستنیشان كرد.
دوای ئەو گۆڕانكارییەش ئەمڕۆ نرخی 100 دۆلار نزیكەی پێنج هەزار دینار دابەزینی بەخۆوە بینی و پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆش گەیشتە 161 هەزار دینار.



PM:04:30:23/01/2023