لێدوانێك لە نێچیرڤان بارزانی سەبارەت بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق


نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستن (ماوەبەسەرچوو) رایدەگەیەنێت، بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق تەواوی پرۆسە و سەقامگیریی سیاسی و ئەو ڕێككەوتنەش بە ئامانج دەگرێت كە حكومەتی نوێی فیدراڵیی عێراقی لەسەر دامەزراوە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان (ماوەبەسەرچوو) رایگەیاندووە، بڕیاری ئەمڕۆی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بە نادروستیی ناردنی شایستەی دارایی و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی فیدراڵی عێراقەوە لە ساڵانی 2021 و 2022، بڕیارێكی تەواو نادادپەروەر و ستەمكارانەیە، ئەو بڕیارە نەك تەنیا مووچەخۆران و خەڵكی كوردستان كە هاوڵاتی عێراقن، بەڵكو تەواوی پرۆسە و سەقامگیریی سیاسی و ئەو ڕێككەوتنەش بە ئامانج دەگرێت كە حكومەتی نوێی فیدراڵیی عێراقی لەسەر دامەزراوە.

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەكردوە، عێراق بە پرۆسەیەكی درێژ و ئاڵۆزی سیاسی و ناسەقا‌مگیریدا تێپەڕی تاكو دواجار حكومەتێك لە بەغدا هاتە كایەوە كە خەڵكی عێراق هیوا و ئومێدیان لەسەر قۆناغێكی سەقامگیر و باشتری داهاتوو هەڵچنی. هەموو چاوەڕوانییەك لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق ئەوەبوو كە بە پاراستنی بەرژەوەندیی هەموو پێكهاتەكانی عێراق و بە ڕەچاوكردنی دۆخی سیاسی، نەبێتە هۆی شێواندنی ئەو دەرفەت و كەشە ئەرێنییەی بۆ چارەسەركردنی كیشەكانی وڵات، بەتایبەتی كێشەكانی هەولێر ـ بەغدا دروستبووە و سەقامگیریی سیاسیی عێراق نەخاتە مەترسییەوە!

هەروەها وتویەتی، ئەم بڕیارەی‌ دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەم كاتەدا، جگە لەوەی گومان و دەیان نیشانەی پرسیاری گەورە دروست دەكات، هەروەها بابەتی پەلەكردن لە دەرچوواندنی یاسایەكی تازە بۆ دووبارە دامەزراندنەوەی دادگاكە دەهێنێتە پێشەوە، وەك‌ بەشێكی گرنگ و سەرەكیی ڕێككەوتنی لایەنە سیاسییەكان‌ بۆ دامەزراندنی حكومەتی نوێی فیدراڵیی عێراق.



PM:11:53:25/01/2023