بانكی ناوەندی عێراق پلانێكی نوێ بۆ دابەزینی نرخی دۆلار دادەڕێژێت


پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق رایدەگەیەنێت، پلانێكیان بەدەستەوەیە بۆ جێگیركردنەوەی نرخی دۆلار بۆ نرخی پێشووی.

بەپێی راگەیەنراوی نووسینگەی موحسین مەندەلاوی، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ مەندەلاوی لەگەڵ عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق كۆبووەتەوە.

راگەیەنراوەكە رایگەیاندوە، پارێزگاری بانكی ناوەندی باسی لە رێكارەكانی جێگیركردنی نرخی دۆلار كردووە و پلانێكی خستووەتەڕوو، بەڵام هیچ زانیارییەكی ئاشكرا نەكردووە لەسەر پلانەكە.

وەك لەراگەیەنراوەكەدا هاتووە، موحسین مەندەلاوی رایەیاندووە،  جێبەجێكردنی رێكارە جیهانیەكان و بەدواداچوون بۆ گواستنەوەی دراوەكان و كاری بانكە ناحكومییەكان و كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕكردن گرنگە. 

ماوەی زیاتر لە مانگێكە نرخی دۆلار بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبۆتەوە  ئەوەش بەهۆی كەمبوونەوەی دۆلار لەلایەن ئەمەریكاوە بۆ عێراق.



PM:04:37:30/01/2023