ئەمەریكا سێ مانگ مۆڵەت بە عێراق دەدات بۆ مامەڵەكردن بە دۆلارەوە بەشێوەی پێشوو


حكومەتی ئەمەریكا ماوەی تەنها سێ مانگی بە حكومەتی عێراق داوە بۆ مامەڵەكردن بە دۆلارەوە بەشێوەی پێشوو، راوێژكارێكی حكومەتیش رایگەیاندووە، دەبێت پابەندی مەرجەكانی ئەمەریكا بن.

سەرچاوەیەكی نزیك لەچوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاندووە، وەفدی عێراق لەواشنتۆن توانیویەتی ماوەی سێ مانگ مۆڵەت وەربگرێت كە شیاوی تازەكردنەوەیە، پێش ئەوەی بچێتە ناو سیستمی سویفت، ئەمریكاش لەو ماوەیەدا چاودێری بەڵێنەكانی عێراق دەكات لەبارەی كۆنتڕۆڵكردنی بەقاچاغبردنی دۆلار. 
 
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، عێراق هەڵوێستی نەرمی نواندووە لەبارەی ڕاكێشانی بۆری نەوتی عەقەبە، پێشتریش لێكتێگەیشتن لەبارەی ڕاگرتنی بۆردومانی هێزەكانی هاوپەیمانان كراوە. 

بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، وەفدەكەی عێراق بەڵێنی بە واشنتۆن داوە چارەسەری بەقاچاغبردن و سپیكردنەوەی پارە بكات و وردە وردە بچێتە ناو سیستمی سویفتەوە.
 
بەڵام مەزهەر محەمەد، ڕاوێژكاری دارایی حكومەتی عێراق رایگەیاندووە، عێراق 100% پابەندە بەمەرجەكان، چونكە هیچ چارەسەرێكی تریان لەبەردەمدا نییە، جگە لەپابەندبوون و چڕكردنەوەی گفتوگۆكان.



PM:10:55:14/02/2023