ناوەرۆكی كۆبوونەوەی سودانی و بافڵ تاڵەبانی، باسی هەڵبژاردنی هەرێم نەکراوە

دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی بۆ تاوتوێکردنی پرسی هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێم و چەند تەوەرێکی دیکە گەیشتە بەغدای پایتەخت و لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەوە، بەڵام بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی سودانی هیچ باسی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان نەکراوە. 

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە" ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەغداد پێشوازیكرد لە بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی، لە دیدارەکەدا گرنگترین دۆسیەكان لەسەر ئاستی نیشتمانی و رێوشوێنەكانی حكومەت بۆ بە دیهێنانی گەشەپێدانی گشتگیر تاوتوێكراوە، لەگەڵ بەردەوامبون لە چاكسازییە ئابوری و كارگێڕییەكان". 

ئەوەش هاتووە" جەختیش لە بایەخی درێژەدان بە پەیوەندی نێوان هێزە سیاسیەكان كراوەتەوە لەگەڵ بەردەوامبون لە گفتوگۆی بنیادنەرانە كە بە نمونەیترین رێگا دادەنرێت بۆ گۆڕینی سەرجەم ئاستەنگەكان". 

هەرچەندە ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ یەكلاكردنەوەی چەند پرسێك و تاوتوێكردنی هەڵبژاردنەكانی هەرێم سەردانی بەغدای کردووە، بەڵام لە بەیاننامەکەی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی هەڵبژاردن نەکراوە.


PM:03:20:03/05/2024