لێدوانێكی نوێ لە سەرۆكی بانكی ناوەندی بۆ دابەزینی نرخی دۆلار


بانكی ناوەندی عێراق رایدەگەیەنێت، ئیرادە هەیە بۆ سەقامگیركردنی بەهای دۆلار، چونكە بەرپرسیارێتی بانكی ناوەندییە بۆ نەهێشتنی ئەو جیاوازییەی نێوان دۆلار و دینار هەنگاوی جدیی بنێت.

عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق بە (رووداو)ی راگەیاندووە، لە سەكۆی ئەلكترۆنی نوێدا سزا بەسەر ئەو بانك و كەس و لایەنەنانەدا دەسەپێنن كە دۆلار ئاڵوگۆڕ و حەواڵە دەكەن بە پێچەوانەی رێنماییەكانی بانكی ناوەندی.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو هەنگاوە دەبێتە پارێزگارییەك لە كەرتی بانكی عێراق و گومان لە ئاڵوگۆڕی دراوە بیانییەكاندا ناهێڵێت، كە ئەوەش لە بەرژەوەندی هەموو لایەنەكانە.

دەربارەی نرخی دابەزینی زیاتری نرخی دۆلار، عەلی عەلاق وتویەتی "گفتوگۆكانمان لەگەڵ سندوقی دراوی نێوەدەوڵەتی بەردەوامە و بەرپرسیارێتی بانكی ناوەندییە بۆ نەهێشتنی ئەو جیاوازییەی نێوان دۆلار و دینار هەنگاوی جدیی بنێت و پاڵپشتییەكی زۆرمان هەیە بۆ چارەسەركردنی ئەو بابەتە."




AM:10:38:15/02/2023