چەند رۆژێکە لیژنەکانی شارەوانی سلێمانی دەستیان کردووە بە سەگ گرتن و دوێنێش لە کاتی گرتنی سەگێکدا کە چەند بەچکەیەکی بچووکی هەیە بەدەستیانەوە دایکەکە دەمرێت.
بەپێی ڤیدیۆیەک کە لە لاپەڕەی PKO کە لاپەڕەیەکە گرنگی بە ئاژەڵان دەدات، تیمێکی شارەوانی سلێمانی کە لەژمارەیەک گەنج پێکهاتوون سەگێک و بەچەکەکانی دەخەنە ناو ئۆتۆمبیلێکی داخراوەو لە ئەنجامدا دایکە سەگەکە دەمرێت.
وەک لە ڤیدیۆکەدا هاتووە ئافرەتێک کە دۆستی ئاژەڵانە داوا دەکات مەیگرن و مەیبەن و ئەوە خنکاتنان، بەڵام تیمەکان بەردەوامن لە کارەکەیان و سەگە دایکەکە بێ گیان لەبەردەم ئۆتۆمبیلەکەدا کەوتووەو مردووە.
لە پارچەیەکی ڤیدیۆکەدا، هەڵمەتی ئەم تیمانەی شارەوانی پێشان دەدات پەتیان کردۆتە ملی چەند سەگێکی و هەڵیان دەدەنە ئۆتۆمبیلەکەوە.
هەروەها ئەم هەڵمەتە لەدەور و ناو پارکی ئازادیش ئەنجامدراوە و چەند سەگێک براون کە لەژێر کۆنترۆڵی تەندروستیدابوون و هیچ کێشەیەکیان نییەو خاوەنیشیان هەیە.
ماوەی دوو ساڵە کەمپێک بۆ سەگە بەرەڵاکان لە نزیک بازگەی عەربەت لە رۆژهەڵاتی شاری سلێمانی کراوەتەوە، شارەوانی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەم سەگانە لەو کەمپەدا دەهێڵێتەوە، بەڵام ساڵی پار لەبەر بێ خزمەتی و چاودێری تەندروستی بە دەیان سەگیان مردن.