بارەگای بارزانی ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە


بارەگای بارزانی داوا لە حیزب و لایەنە سیاسییەكان دەكات، لە كاتی یادكردنەوەی راپەڕیندا بۆنەكە بە حیزبی نەكەن، چونكە راپەڕین لەلایەن خەڵكی كوردستان كراوە.

بارەگای بارزانی رایگەیاندووە، جێگەی داخێكی زۆرە لەیادی ڕاپەڕیندا حزب و لایەنە سیاسیەكان و لایەنگرانیان هەوڵی ئەوە دەدەن كە ئەو یادە بە حزبی بكەن و هەریەكە و بە جۆرێك لە جۆرەكان خۆی بە خاوەن و ئەنجامدەری ڕاپەڕین لە قەڵەم بدات.

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، ڕاپەڕین دەرئەنجامی یەكڕیزی و تێكۆشانی هەمەلایەنەی جەماوەر و لایەنەكانی ناو بەرەی كوردستانی و پێشمەرگە و ڕێكخستنە نهێنییەكان و سەرجەم چین و توێژە جیاجیاكانی كوردستان و درێژكراوەی خەباتێكی دوورودرێژ و بەردەوامی گەلی كوردستان بوو.

هەروەها روونیكردۆتەوە، پەیام و ئامانجەكانی ڕاپەڕین بەرز و گرانبەها و نیشتیمانی و نەتەوەیین و، نابێ بە حزبی و بچووك بكرێنەوە و لە مانا و جەوهەر بەتاڵ بكرێن. ڕاپەڕین بە ڕەنج و ماندووبوون و هەوڵی هەموو لایەك سەركەوت، بۆیە خاوەن و ئەنجامدەری ڕاستەقینەی ئەو ڕووداوە مەزنە، كوردستانە بە هەموو حزب و لایەن و كەسایەتی و هاوڵاتیانیەوە.



PM:07:45:06/03/2023