کەشناسی هەرێم وادەی دەستپێکردنەوەی دابارینی تەرزە و بارانی ڕاگەیاند

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێمی کوردستان ڕەوشی کەشوهەوای بڵاوکردەوە و بەپێی پێشبینییەکان سبەینێ شەپۆلێکى باران بارین ڕوو لە هەرێم دەکات و ئەگەرى بەرزبوونەوەى ئاستى ئاو هەیە.

بەپێی پێشبینییەکانی دەستەی کەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ سێشەممە ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، بەڵام لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە ئاسمان نیمچە هەور دەبێت و پلەکانی گەرما بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ بە نزیکەی یەک تا سێ پلە نزمدەبنەوە، خێراى با (١٠ - ٢٠)کم دەبێت بە ئاراستەی باشوری خۆرهەڵات و مەوداى بینین لە نێوان (٨ - ٩)کم دەبێت. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ چوارشەممە ئاسمان نیمچە هەور دەبێت لە تەواوى ناوچە جیاجیاکاندا، لە ئێوارەدا نزمە پاڵە پەستۆى دەریای سوور روو لە بەشێک لە پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە و کەرکوک دەکات، کاریگەرى ئەو شەپۆلە لە بەرەبەیانى رۆژى پێنج شەممە لەسەر بەشێک لەم ناوچانە بەهێز دەبێت (سەنتەرى پارێزگاى سلێمانى ناوچە شاخاوییەکان، بەرزنجە، دەربەندیخان، پێنجوێن، قەرەداغ، سەنتەرى هەڵەبجە) لەسەر ئەم ناوچانە باران بارین دەگۆڕێت بۆ لێزمە بارانى بەردەوام و بەهێز لەگەڵ دروست بوونى هەورە تریشقە وە ئەگەرى بەرزبوونەوەى ئاستى ئاو هەیە لە کاتى دابارین هەندێ جار تەزرە بارین دەبێت.

ئەوەشی خستەڕوو، خێراى با (١٠ - ٢٠)کم دەبێت بە ئاراستەی باکووری خۆرئاوا و مەوداى بینین لە نێوان (٨ – ٩)کم دەبێت، هەروەها کاریگەرى ئەم شەپۆلە بە لاوازى لەسەر بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر دەبێت و لە کاتەکانى دواىنیوەڕۆى رۆژى پێنج شەممە کۆتاى دێت.


AM:11:02:07/03/2023