لە جەژنی نەورۆزدا
قوباد تاڵەبانی: پێویستە دەرگا بکەینەوە بەڕووی چارەسەری گرفتەکاندا


جێگری سەرۆکی حکومەتی ( ماوە بۆ درێژکراوە ) قوباد تاڵەبانی لە پیرۆزبایی جەژندا دەڵێت " نەورۆزی کوردەواری هەمیشە هەڵگری پەیامی ئاشتی و تەبایی و دەستپێکی وەرزێکی نوێ بووە، بۆیە پێویستە هەموو لایەکمان پەیامی نەورۆز بە جدی وەربگرین و دەرگا بکەینەوە بەڕووی چارسەر کردنی گرفتەکاندا".

قوباد تاڵەبانی لە پەیامێکدا بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە دەڵێت " کوردستان لەبەردەم هەڕەشە و دەرفەتیشدایە، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیش ساڵانێکی زۆرە بە هەموو کەموکوڕییەکانمانەوە تەحەمولیان کردوین، داوای خزمەتگوزاری باشتر و بوژانەوەی ئابوری و ئارامی سیاسی دەکەن، لەم دۆخەدا داوا دەکەم هەموو لایەکمان لەپێناو هاوڵاتییاندا بەرپرسیارانە مامەڵە بکەین و پێکەوە ئیدارەی ئەم دۆخەی ئێستا بدەین".

هەروەها دەشڵێت " با پێکەوە ئەو دەرفەتەی لەگەڵ بەغداد هاتووەتە پێشەوە بقۆزینەوە بۆ رێککەوتنێکی یەکجاری و درێژخایەن. لەناوخۆشدا زەمینە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بڕەخسێنین بە جۆرێک هەم متمانەی هاوڵاتیان بە دامەزراوەکان بەهێز بکات و هەم هاوپەیمانەکانمان لە دەرەوە لەخۆمان بێهیوا نەکەین".

لەبارەی کێشەکانی ناوخۆی کوردستانەوە، قوباد تاڵەبانی دەڵێت" ئێمە دەستی ئاشتەوایی درێژ دەکەین و ئامادەی هەموو گفتوگۆیەکین و رایدەگەیەنین؛ داواکاری کەسیمان نەبووە و نییە، بەڵکو داواکاری و بەرگریکردن بووە لەبەرژەوەندی هاوڵاتیان کە پێمان وایە ئەمە دەکرێت ویست و داواکاری هەموو لایەکمان بێت، ئێمەش بەبەڵێنی جێبەجێ کردنی ئەو داواکاریانە، ئامادەی هەموو ھاوکاری و هەنگاوێکی پێویستین."

لە کۆتاییشدا نەورۆزی کوردەواری لە هەموو لایەک پیرۆز دەکات و هیوای جەژنێکی پڕ لە شادی و خۆشی بۆ هەمووان دەخوازێت.




PM:06:39:20/03/2023