له وه‌ڵامی راپۆرتێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا کە رەخنەی توند ئاراستەی حوکـڕانی هەرێم دەکات، رێكخه‌ری راسپارده نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم، دەڵێت" له هه‌رێمی كوردستان بابه‌تی مافی مرۆڤ یه‌كێكه له كاره پێشینه‌كانی حكومه‌ت و له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه نموونه‌یه‌كی هه‌ره پێشكه‌وتوو پیشاندراوە".
ئەمڕۆ دوو شەممە ٢٧ ی ئازار دیندار زێباری، رێكخه‌ری راسپارده نێوه‌ده‌وڵه‌تییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ( ماوە بۆ درێژکراوە )، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی کە تایبەتی کردبوو بۆ وەڵامدانەوەی راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، وتی " حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان شه‌رعییه‌تێكی یاسایی و ده‌ستووریی هه‌یه و گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتیش به ئاشتیانه به‌ڕێوه‌ده‌چێت".
لە درێژەی قسەکانیدا، رێكخه‌ری راسپارده نێوه‌ده‌وڵه‌تییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وتی " زۆر جار ئۆپۆزسیۆن و میدیا و ماڵپه‌ڕه‌كانیان ئه‌م هه‌له‌یان قۆستووه‌ته‌وه، گوایه ره‌وشی گشتی له هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و خراپی ده‌ڕوات، ئه‌مه وانییه ئۆپۆزسیۆن بۆ مه‌رامێكی تایبه‌ت بابه‌تێكی وه‌ها زه‌ق ده‌كاته‌وه".
زێباری بەپێچەوانەی راپۆرتەکەی ئەمەریکاوە قسەدەکات و دەڵێت " خودی راپۆرته‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا دانی به هه‌ڵبژاردنی ئه‌م دواییه‌ی عێراق و هه‌رێمی كوردستاندا ناوه و ده‌ڵێت: ئه‌م حكومه‌ته‌ی هه‌یه كارتۆنی نییه".
هەفتەی رابردوو لەو بەشەی لە راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا تایبەت کرابوو بۆ هەرێمی کوردستان، رەخنەی توندی لە رەوشی مافی مرۆڤ و سیستەمی حوکمڕانی هەرێم گرتبوو.